ڕەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستان باشتر بووە
_(7)__2019_09_30_h16m8s9__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕەوشی ئابووریی کوردستان بەرەو باشتر دەچێت، توێژەرێکی بواری ئابووریش دەڵێت، حکوومەتی ھەرێم ھۆکارە بۆ ئەو دۆخە ئابوورییە باشە و، پێیشی وایە، نەفەسێکی ئابووریی بەھێز ھەیە بۆ باشترکردنی بژیوی ھاووڵاتییان.
ئەگەرەکانی باشتربوونی دۆخی ئابووریی کوردستان لە ھەموو کاتێک زیاتر جێی بایەخە، ئەو بارودۆخە ئابوورییەی کە کوردستانی تێ کەوتبوو، ھاووڵاتییانی تووشی بارودۆخێکی قورس کردبوو، بەڵام ئێستا فەرمانبەران مانگانە مووچە لە کاتی خۆیدا وەردەگرن.
لەم بارەیەشەوە، دڵزار شاھۆیی، توێژەری بواری ئابووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھۆکاری خراپیی ئەم دۆخە ئابووریەی پێشتر بڕینی بودجەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە بوو، چونکە ٧٥%ی پرۆژەکانی کەرتی تایبەت و گشتی وەستان، پێشی وایە، نەفەسێکی ئابووریی بەھێز ھەیە کە ڕەوشەکە ڕوو لە باشبوونە، ئەمەش بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بوو، کە پێشتر نرخەکەی زۆر کەم بوو، چونکە سەرچاوەی داھاتی کوردستان نەوتە".
ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێردا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، گرینگیدان بە کەرتی ئابووری لە بەرنامەی کاری کابینەکەیاندایە و ھیوایشی خواست، ئەو پێشانگایە ببێتە ھۆکاری لێکنزیککردنەوەی بازرگانان و وەبەرھێنەرانی کوردستان و وڵاتانی دیکە.
ئەو توێژەرە ئابوورییە دەشڵێت: "ئەگەر گرنگی بە کەرتەکانی تر و پڕۆژە ناوخۆییەکان بدرێت، ئەوا ڕەوشی ئابووری و داھاتی تاک زیاد دەکات، چونکە جموجۆڵی بازاڕ بە بەراورد بە پێشتر زۆر باش بووە".
ھاوکات دڵزار شاھۆیی ئاماژە بەوەش دەکات: "بەھۆی دابەزینی بەھای تمەن و لیرەوە، تا ڕادەیەک ڕەوشی بازاڕ باشتر بووە، چونکە زۆربەی ئەو کاڵایانە لە ئێران و تورکیاوە دێن و نرخی کەلوپەلەکان بەو ھۆیەوە دابەزیون.
ھەڵکەوت محەمەد




