مەسروور بارزانی: هیوادارم ئەم پێشانگایە ببێتە هۆی نزیکبوونەوهی بازاڕی کوردستان لە بازاڕی جیهان

هەولێر-KDP.info- لە كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتیی شاری هەولێر، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، گرینگیدان بە كەرتی ئابووری لە بەرنامەی كاری كابینەكەیاندایە و هیوایشی خواست، ئەو پێشانگایە ببێتە هۆكاری لێكنزیككردنەوەی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی كوردستان و وڵاتانی دیكە.
مەسروور بارزانی، لە لێدوانێكیدا بۆ مێدیاكان و لە كاتی كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی لە شاری هەولێر، رایگەیاند، ئەوان لە بەرنامەی كاری حكوومەتدا گرینگیی زۆریان بە ئابووری داوە و ئەو پێشانگایانەش دەبنە دەستپێكێكی باش بۆ خاوەن كار و كۆمپانیاكان، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە یەك كەرتی ئابووری نەبەستین و سەرچاوەكان هەمەچشن بن.
گوتیشی، خۆشحاڵن كە لە پێشانگاكەدا ٣٠٠ كۆمپانیا لە ٢٤ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان كردووە، هاوكات لە هاوكاریكردنی خاوەنكار و وەبەرهێنان درێغی ناكەن و هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكەن، هیوایشی خواست ئەم پێشانگایە ببێتە هۆی نزیكبوونەوەی بازاڕی كوردستان لە بازاڕی جیهان.
ئەمڕۆ بە چاودێری و ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سێزدەمین پێشانگای ھەمەجۆری بازرگانیی نێودەوڵەتی، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر كرایەوە.
خێڵان بەختیار




