٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رێبوار تاڵەبانی: گەڕێكی دیكەی دانوستان دەست پێدەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لەسەر ئاستی حكوومەت و لایەنە سیاسییەكان ھەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش دەڵێ، گەڕێكی دیكەی دانوستان لە نێوان لایەنە كوردییەكان و عەرەب و توركمانی كەركووك دەست پێدەكاتەوە.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دانوستانی نێوان ھێزە سیاسییەكانی ھەرێم و كەركووك بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك بەردەوامە و، لەو چوارچێوەیەدا دانوستان لەگەڵ بەرەی توركمانی و بەشێك لەلایەنە عەرەبییەكانی كەركووك كراوە بۆ ئەوەی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركووك دیاری بكرێت و رەوشەكە ئاسایی بكرێتەوە، بەڵام بەرەی توركمانی ھێشتا جیددییە لەوەی كاندیدیان بۆ پارێزگاری كەركووك دەبێت و لایەنی بەشێكی عەرەبیش داوای پۆستی پارێزگاری كەركووك دەكەن، بەڵام دانوستان لەگەڵ ھێزەكانی دیكەی عەرەب و توركمان دەكرێت بۆ ئەوەی زیاتر لێكتێگەیشتن دروست ببێت".

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەشڵێت: "بۆچوونێكی دیكە ھەیە لەلایەن بەشێك لە توركمان و بەشێك لە عەرەبەكانی كەركووك و دەیانەوێ رەوشی كەركووك بەو شێوەیە بێت تا ھەڵبژاردنی ساڵی ئایندەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، ئینجا بابەتی پارێزگار و پۆستەكان یەكلا بكرێتەوە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار