٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دلێمی: لە دوو رۆژی داهاتوودا پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئیخڵاس دلێمی گوتی، پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە كراوە و گفتوگۆ لەسەر پشكی هەرێم دەكرێت، كە لە مانگی داهاتوودا رێككەوتنی لەسەر دەكرێت و رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت، بەڵام هەرێم بۆ رادەستكردنی نەوت داوا دەكات گەرەنتی هەبێت.

ئیخڵاس دلێمی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "لە دوو رۆژی داهاتوودا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت، چونكە لە وەزارەتی دارایی تەواو بووە و لە ئێستادا گفتوگۆ لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستانەوە دەكرێت و هەر كاتێك تەواو بوو، رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت".

دلێمی گوتیشی: "چاوەڕێ دەكرێت لە مانگی داهاتوودا لەسەر پشكی هەرێم رێككەوتن بكرێت و لە ئێستاشدا گفتوگۆ لەسەر نەوتی هەرێم دەكرێت و هەر كاتێك یەكلا كرایەوە، ئەو كات كۆتایی بە رێككەوتنەكە دێت و بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، هەرێمی كوردستان ترسی لە رادەستكردنی نەوت بە بەغدا هەیە و داوا دەكات گەرەنتی هەبێت بۆ ئەوەی بەغدا بە تەواوی بودجەی هەرێم رەوانە بكات و ئەوانیش نەوت رادەستی بەغدا بكەن، بۆ ئەوەی دواتر گرفت بۆ هەرێمی كوردستان دروست نەكەن، چونكە هەرێمی كوردستان بە هۆی بڕینی پشكی بودجەكەیەوە تووشی قەرز بووە و پێویستە حكوومەتی عێراق بیداتەوە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار