سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسووڵی چینی میللی دەکات

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠١٩/٩/٢٩ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە نی روچی کونسوڵی گشتی چینی میللی لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و چین کرا و کونسوڵی گشتی چینی میللی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە وڵاتەکەی بە گرنگییەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و هانی کۆمپانیا چینییەکانیش دەدات لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن. گوتیشی بەمزووانە بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر دەکرێتەوە و بەشی زمانی کوردیش لە زانکۆی بێژینگ دەکرێتەوە.
هەروەها کونسولی چینی میللی جەختی لەوە کردەوە کە لەو پرۆژە ستراتیجییانەی کە لە ئەنجامی سەردانی ئەمدواییەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ چین رێککەوتنی لە بارەوە کرا ، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی گرنگیدانی وڵاتی چینی بە هەرێمی کوردستان کرد لە پێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نیوان هەردوولا.




