٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەی ١٣‌مین پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر بە بەشداریی ‌٢٢ وڵات دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سبەی سێزدەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر بە بەشداریی ٣٠٠ کۆمپانیا لە ٢٢ وڵاتەوە تاکو ڕێکەوتی ٣ی ئۆکتۆبەر دەکرێتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی گرووپیIFPی عێراق دەڵێت، ھەولێر لە ھەنگاونانە بەرەو بوون بە شارێکی ئابووری.

 

جۆرج خوری، بەڕێوەبەری گشتیی گرووپیIFPی عێراق بۆ ڕێکخستنی پێشانگای نێودەوڵەتی و کۆنفرانس، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی دوو پێشانگای ئابووری لە ھەولێر دەکرێنەوە، یەکەمیان، پێشانگای پڕۆجێکت عێراق ھەولێرە، کە پێشانگای بازرگانیی نێودەوڵەتی بۆ کەرتەکانی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و کارەبایە. دووەمیان، پێشانگای خۆراکی کشتوکاڵی عێراقی ھەولێرە، ناوبراو پێشبینیش دەکات، ئەو پێشانگایە سەرنجی ژمارەیەکی زۆری پسپۆڕان و پیاوانی خاوەنکار و خاوەن پڕۆژەکان و بازرگانەکان لە ھەموو پارچەکانی عێراق ڕابکێشێت."

 

جۆرج خوری دەڵێت: "بۆ ئەو پێشانگایە ٣٠٠ کۆمپانیا لە ٢٢ وڵاتەوە بەشدارن، وڵاتەکانیش بریتین لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، فەرەنسا، چیک، کوێت، قەتەر، تورکیا، ئێران، ھیندستان، لوبنان، سریلانکا، ئۆکرانیا، کەنەدا، چین، پۆڵۆنیا، ئیمارات، سوید، میسر، سعوودیە، ئۆردن، کینیا، ئەمەریکا، ھۆڵەندا."

 

ناوبراو گوتیشی: "لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، کاتژمێر ١١ی بەیانی پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر دەکرێتەوە و بۆ ماوەی چوار ڕۆژیش بەردەوام دەبێت."

 

جۆرج خوری، ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم پێشانگا نێودەوڵەتییە بە پشتگیریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەولێرە و، ھاوکات بە پشتگیریی نێودەوڵەتی، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی چیک، کونسووڵخانەی فەرەنسا لە ھەولێر، کونسوڵخانەی پۆڵۆنیا لە ھەولێر، بانکی قەتەر بۆ گەشەپێدان، دەستەی گشتیی پیشەسازی و بازرگانیی کوێت بەڕێوە دەچێت."

 

ھەڵکەوت محەمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار