بەرواری بۆ KDP: پهرلهمانی عێراق مافی ئەوەی نییە لێكۆڵینەوە لە وەزارەتەكانی ھەرێم بكات

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە ئەندامانی لیژنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی ھەرێم بكهن و لێكۆڵینەوە لە چەند وەزارەتێكی حكوومەتی ھەرێم بكهن، پەرلەمانتارێكی خولی پێشووتری پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت، ئەمە پێچەوانەی دەستوورە و ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق مافی ئەوەی نییە لێكۆڵینەوە لە وەزارەتەكانی ھەرێم بكات.
لەو بارەیەوە، عەبدولسەلام بەرواری، پەرلەمانتاری خولی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە دەستووری عێراقدا، كە باسی دەسەڵاتی یاسادانان دەكات، یەك ماددە ماف نادات بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بێت لیژنەی لێكۆڵینەوە دروست بكات، ئەم لیژنەیە بۆ ئەوە دروست بووە لێكۆڵینەوە لە دامودەزگاكانی حكوومەتی ھەرێم بكات، تەنھا پەیوەندی كە ھەیە لە بەینی ھەرێم و دەسەڵاتی فیدراڵی لە رێگەی سەرۆكی ھەرێمەوە دەبێت، كە بە پێی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ نوێنەرایەتیی ھەرێم و پەیوەندییەكان دەكات.
بەرواری ئاشكرای دەكات، ئەم كارە زۆر مەترسیدارە و ھیچ مانایەك بۆ فیدراڵییەت ناھێڵێتەوە و پێچەوانەی دەستووری عێراقە، بە پێی ماددەكانی (١١٢، ١١٥، ١١٧، ١٢١) سەبارەت بە ھەرێمەكان ھەروەھا ماددەكانی (٤٨ تا ٦٥) تایبەت بە دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵی لە عێراق.
لە نێو ئەندامانی لیژنەكەش دوو ئەندامی كوردی تێدایە، ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات، فڕاكسیۆنی پارتی بە ئەنجومەنی نوێنەرانی گوتووە كە ئەمە دەستووری نییە، ھاوكات دەشڵێت، ئەگەر رێگا درا ئەو لیژنەیە لێكۆڵینەوە لە وەزارەتەكانی ھەرێم بكات، ئەمە ئەو واتایە دەگەیەنێ لە دواڕۆژدا رێگا بە ئەنجومەنی نوێنەران دەدات كە بانگھێشتی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم و وەزیرەكانی بۆ پەرلەمانی عێراق بكات.
بۆیە ناوبراو جەخت لە مەترسیی ئەم باباتە دەكاتەوە و پێی وایە، ئەگەر رێگە بەو لیژنەی لێكۆڵینەوەیە بدرێت، شتی مەترسیدارتری بە دواوە دەبێت، بۆیە ئەمە دەستپێكێكی مەترسیدارە بۆ نەھێشتنی فیدراڵییەت لە كوردستان، هەروەها ھیچ مانایەك بۆ حكوومەتی ھەرێم ناھێڵێتەوە، وەك خۆیشی دەڵێت، ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق مافی ئەوەی نییە لێكۆڵینەوە لە وەزارەتەكانی ھەرێم بكات.
بەرواری روونیشی دەكاتەوە، بە پێی دەستوور، عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵییە، چەند ماددەیەكیشی تەرخان كردووە بۆ دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی حكوومەتی فیدراڵی، لەو ماددانەش بە تایبەت ماددەی ١١٧ی دەستوور، دان بە ھەرێمی كوردستاندا دەنێت، ھەروەھا لە ماددەی١٢٠ دەڵێت، ھەرێم بۆ خۆی دەستوورێك دادەنێت، لە ماددەی ١٢١ كە زۆر گرینگە دەڵێت، ھەرێم مافی مومارەسەكردنی یاسادانان و جێبەجێكردنی ھەیە.
ھاوكات لە برگەی پێنجەم دەڵێت، حكوومەتی ھەرێم تایبەتمەندە بە ھەموو ئەو كاروبارانەی كە پەیوەندییان بە بەڕێوەبردنی ھەرێمەوە ھەیە، هەروەها لە زمنی ئەوەدا دامەزراندنی ھێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە، لە ماددەكانی تر كە باسی دەسەڵاتی شەرعیی فیدراڵییەت دەكات، زۆربەی زۆریان سیاسەتدانانە، واتە حكوومەتی ھەرێم، نوێنەرایەتیی دەوڵەت دەكات لەو پارچە جیۆگرافیایەی كە ھەیە.
ھەڵكەوت محەمەد




