هۆگر چەتۆ: بۆ ئەوەی كورد لەم هەڵبژاردنەدا ببێتەوە زۆرینە، پێویستە سێ هەنگاو بنێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی "تۆڕی چاو" بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان رایدەگەیەنێت، كورد بۆ ئەوەی بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بكات، بڕیارێكی گرنگی داوە، بەڵام ئەگەر سێ هەنگاو بنێت قازانجی زۆر دەكات، ئەوانیش بریتین لە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و دیاریكردنی پارێزگاری نوێ و گەڕانەوەی ئاوارەكان.
هۆگر چەتۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، كورد بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بە یەك لیست، هەنگاوی گرنگی نا، چونكە سیستەمی ئەمجارەی هەڵبژاردن سانتلیگۆیە و ئەو هەڵبژاردنە لە بەرژەوەندیی كوتلە گەورەكانە، بۆیە كورد بەو شێوەیە دوو تا سێ كورسیی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەگەر نا بە هۆی پەرتەوازەییەوە لە دەست دەچوو، چونكە سیستەمی ئەمجارە پشتگیری لە لیستی گەورە دەكات، بۆیە رەنگە عەرەبەكان و توركمانیش وەكو كورد بكەن.
چەتۆ گوتیشی، ئەمجارە ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنەكان كەم كراوەتەوە و هەر 100هەزار دەنگدەر كورسییەكە و لە ملیۆنێك بۆ سەرەوە دەبێتە 50هەزار دەنگ بۆ هەر كورسییەك، بۆیە لە 25 كورسییەوە بۆ 15 تا 16 كورسی كەم كراوەتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە دۆخی كەركووك پێش هەڵبژاردن ئاسایی بكرێتەوە و پارێزگاری نوێ دابنرێت و هەنگاوی سێیەم ئەوەیە قەناعەت بۆ خەڵك دروست بكرێت و ئاوارەكان بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی دەنگ بدەن، چونكە 106هەزار كەس ئاوارەن و ئەگەر كورد ئەو سێ هەنگاوە بنێت، دەبێتەوە زۆرینە.
بڵند ئیبراهیم




