چاودێران: ھاوپەیمانیی كوردستانی بەرگری لە پێگەی سیاسیی كورد دەكات

هەولێر-KDP.info- دوێنێ لایەنە سیاسییە كوردییەكان لە ھەولێر گەیشتنە رێككەوتن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی كوردستانی بەشداری لە ھەڵبژاردنی مانگی نیسانی ساڵی داھاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بكەن، چاودێرانیش یەكدەنگیی كورد بە گرینگ وەسف دەكەن و وەك پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێ، دەتوانن بە ھێزێكی كوردیانە بەرگری لە پێگەی سیاسیی كورد بكەن لە ناوچە كوردستانییەكان.
دكتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دروستكردنی لیستی كوردی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەنگاوێكی پیرۆزە و پێویستە لایەنە كوردییەكان لەو ناوچانەی دەكەونە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، یەكگرتوو و یەكھەڵوێست بن".
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد روونیشی كردەوە: "من پێم وایە ئەگەر یەكگرتوو نەبن بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، دەنگی كورد بەھەدەر دەڕوات و زیانی زۆری لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان دەبێت".
دكتۆر رێبوار بابكەیی، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو ھەلومەرجانەی ھاتوونەتە پێش سەبارەت بە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان، كە دوایینیان ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بوو، بەپێ یاساكە مەترسی بۆ سەر پێگەی لایەنە كوردییەكان و مافی دەستووریی كورد بە گشتی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان هەیە".
بابكەیی دەڵێت: "بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەدیاتانە پێویستمان بەوە بوو ھاوپەمانییەكی كوردستانی پێك بێت، تا دەنگی كورد بەفیڕۆ نەچێت و بۆ چوارچێوەی لیستی كوردی بگەڕێنەوە، ھەروەھا بە ھێزێكی كوردستانیانە پاڵپشتی لە تانەدانی یاسای ھەمواركراوی ھەڵبژاردنەكانی عێراق بكەین، گرینگیی ئەو یەكلیستییەش لەوەدایە كورد دەیەوێ بە ھێزێكی پتەوی كوردییەوە بەرەنگاری ئەو تەحەدیاتانە ببێتەوە و بەرگری لە بەركەوتەی ھەڵبژاردن و پێكھاتەی كورد بكات".
دكتۆر مەحموود عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە یەكلیستی بە تەواوی چارەسەر ناكرێت و كۆتایی نایەت، بەڵام كورد چەند یەكگرتوو بێت، كاریگەری لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە دەبێت، بە تایبەتی پێویستە دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و فشار بخرێتە سەر حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بكرێت و چارەنووسی ئەو ناوچانە بەپێی دەستوور یەكلا بكرێتەوە".
قائید میرۆ




