دیاری حوسێن: سەد ھەزار عەرەب ھاوردەی كەركووك كراون

كەركووك-KDP.info- ھێنانی عەرەبی ھاوردە بۆ كەركووك درێژەی هەیە و بەرپرسێكی پارتیش دەڵێ، ئیدارەی كەركووك بەردەوامە لە ھاوردەكردنی عەرەب بۆ ھەموو ناوچەكانی كەركووك و تا ئێستاش سەد ھەزار ھاووڵاتیی عەرەب ئاسانكاریی یاساییان بۆ كراوە.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھاوردەكردنی ھاووڵاتیانی عەرەب لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق بۆ كەركووك و دەوروبەری بەردەوامە و بەپێی دوایین زانیاری تا ئێستا سەد ھەزار عەرەب ھاوردەی كەركووك كراون و لە نێو سەنتەری شار و دەوروبەریدا جێگیر كراون".
بەرپرسەكەی پارتی گوتیشی: "ئەو عەرەبە شۆڤێنیانەی دێنە كەركووك لەلایەن ئیدارەی كەركووكەوە ئاسانكارییان بۆ دەكرێت و لە ڕووی یاساییەوە دەرفەتیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی لە كەركووك نیشتەجێ بكرێن".
حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "رەوشی كەركووك لە ڕووی گۆڕینی دیموگرافیاوە وای لێ ھاتووە رۆژ نییە خەڵكی عەرەبی دەرەوەی كەركووك ھاوردە نەكەن و بەسەر ناوچەكانی كەركووك بە ھەموو قەزا و ناحیەكاندا دابەش دەكرێن، بە تایبەتی تا نزیك دەبینەوە لە ھەڵبژاردن رەوشەكە لە ڕووی تەعریبكردنەوە ئاڵۆزتر دەبێت".
قائید میرۆ




