سیروان محەمەد: تیمێکی نێودەوڵەتی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی بەڕێوە دەبەن

هەولێر-KDP.info- نەتەوە یەکگرتوەکان سەرپەرشتیی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق دەکات و سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، پێویستە لە ئامادەکردنی فۆرمی سەرژمێریدا ڕەچاوی ناوی نەتەوە و ئایین بکرێت بۆ دیاریکردنی ڕێژەی ھەر نەتەوەیەک لە عێراقدا.
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لیژنەیەکی تەکنیکیی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات، تا لە ڕووی ئامادەکارییەوە سەرپەرشتیی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بکات بۆ ئەوەی ئامادەکاریی دروستی بۆ بکرێت و لەژێر سەرپەرشتیی ئەواندا جێبەجێ بکرێت."
سەرۆکی دەستەی گشتیی ئاماری ھەرێم گوتیشی: "ژمارەیەک شارەزای نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێری دێنە عێراق، ئەوەش لەپێناو ئەوەی پڕۆسەیەکی شەفاف بەڕێوە بچێت و ئەنجامەکانی قبووڵ بکرێن."
دەربارەی مەرجەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکردنی فۆرمی سەرژمێری، سیروان محەمەد دەڵێت: "ئامادەکردنی فۆڕمی سەرژمێری نیقاشێکی زۆری دەوێت، چونکە بەپێی ستانداردی جیھانی و لەژێر ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئامادە دەکرێت، ئێمە لە بابەتی دیاریکردنی ئایین و نەتەوە کێشەمان دەبێت، چونکە ھەرێمی کوردستان دەیەوێت قەبارەی ھەر پێکھاتە و نەتەوەیەک دیار بێت، بەتایبەتی بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان."
قائید میرۆ




