د. ڤیان: سێ شاندی بەغدا سەردانی ھەرێم دەكەن

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا سێ شاندی بەغدا سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن و سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیش دەڵێ، پێویستە بەر لەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە پەرلەمان، ھەردوو حكوومەت بگەنە رێككەوتن.
دكتۆر ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە سێ شاندێ بەغدا لە رۆژانی داھاتوودا سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن، ئەویش شاندی ھەریەك لە لیژنەكانی دارایی و ئابووری و یاسا و نەوت گازن، سەردانی شاندەكانی بەغداش بۆ ئەوەیە، زیاتر لێك نزیك ببینەوە و ئەو شاندانەش ھەریەكە و رەوشی ھەرێمی كوردستان لە بوارەكەی خۆیدا دەبینێ".
لەبارەی ھاتنی لیژنەی نەوت و گازەوە، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی گوتی: "ئەمەش لیژنەیەكی سەربەخۆیە و ھەر لە لیژنەی نەوت و گاز پێك ھاتووە، ئەو لیژنەیە لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كەرتی نەوتدا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دەكەن و حكوومەتی ھەرێمیش زانیارییان پێدەدات".
دكتۆر ڤیان سەبری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "باشترین چارەسەر ئەوەیە، بەر لەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بگاتە پەرلەمان، ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ بگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشە ھەڵواسراوەكان، چونكە ئەوكات زەحمەت دەبێت بودجە بە بێ رێككەوتن بگاتە پەرلەمان".
قائید میرۆ




