مەكتەبی سیاسی (56)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان پیرۆز دەكات

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (56)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستانەوە، پەیامی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە.
ئەمە دەقەكەیەتی:
هەڤاڵانی بەڕێز/ بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و سەرجەم كادیرانی رادیۆی دەنگی كوردستان..
ئەمڕۆ كاروانی شكۆمەندانەی (ئێزگەی دەنگی كوردستان) پێدەنێتە (56)ـەمین ساڵی تەمەنیەوە، بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و بیسەرانتان دەكەین، وێڕای ئومێدەواریمان بۆ بەردەوامبوونتان لە خزمەتكردن، لێشمان مسۆگەرە بۆ ساڵی داهاتوو زیاتر و بەرچاوتر لەو بوارە پەرە بە كار و بەرنامە و چالاكییەكانتان دەدەن و، هەردەم بەرپرسانە و دڵسۆزانە ئەركی سەرشانتان بەجێدەگەیەنن.
دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان بە بڕیار و رێنمایی (بارزانیی نەمر) و سەركردایەتیی شۆڕش بەر لە (56) ساڵ، وەك دەسكەوتێكی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد كاریگەریی دیاری هەبوو لەسەر بارودۆخی سیاسی و خەباتی سیاسی و چەكداریی بزووتنەوەی رزگاریخوازیمان، ئێزگەی دەنگی كورستان پەیامی داكۆكیكردن بوو لە هەبوون و واقیعی نەتەوەییمان و جۆشدانی گیانی بەرخۆدان و شۆڕشگێری بۆ بەدیهێنانی مافەكانمان.
ئێزگەی دەنگی كوردستان وەكو یادگارێكی زیندوو و نەمری شۆڕش و رۆژانی بەرخودان و دەنگی زوڵاڵی پێشمەرگە و بەرگری و گیانبازی، بە درێژایی كاروانی كار و بەخششی توانیویەتی جێدەست و پێگە و رۆڵی خۆی بسەلمێنێ لە بواری میدیایی و بزاڤی نەتەوەیی و كولتووری، هەروەها هەمیشە دەنگی هەقیانەتی خەڵكی كوردستان بووە بە هەموو پێكهاتە ئیتنی و ئایینیە جیاجیاكانیەوە، توانیویەتی دەنگێكی رەوا و پێشەنگ بێت لە گوزارشكردن و گەیاندنی خواست و ویستی گەلەكەمان، ئێستاش بە هەمان رێباز و پەیامی كوردایەتی و پارتایەتی و نیشتیمانپەروەرێتی بەردەوامە و وەك هەمیشە مینبەری راستبێژی و سەنگەرێكە بۆ خستنەڕووی راستی و ئاوات و ئامانجەكانی خەڵكی كوردستان.
لەو بۆنەیەدا جەخت لەسەر پاڵپشتیی بەردواممان بۆ ئێزگەی دەنگی كوردستان دەكەینەوە و خوازیارین ھەر لە پێشكەوتندا بن و شانبەشانی كەناڵەكانی دیكەی میدیایی رۆڵی ئیجابیانەی خۆتان بۆ چارەسەركردنی گیروگرفتەكان ببینن و فاكتەرێكی ئەكتیڤی ئەو ئەرك و پەیامە پیرۆزە بن.
لەم یادەدا سڵاو و دروود لە گیانی پاكی ئەو جوامێر و راگەیاندنكارانەی لەرێی سەروەری ئەو كاروانە پیرۆزەدا شەونخونییان كێشا و سەریان نایەوە.
سڵاو و رێز لەو ماندوونەناسانەی لە خزمەتی كولتوور و رۆشنبیری و دۆزی رەوای گەلەكەمان كۆڵیان نەدا.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
28/9/2019




