خەسرۆ گۆران: ئەمڕۆ دوایین بڕیار لە بارەی یەكلیستییەوە دەدرێت

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ناوچە كوردستانییەكان، سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لە شاری هەولێر كۆببنەوە و بڕیاری خۆیان بدەن.
خەسرۆ گۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەمڕۆ سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ لە شاری هەولێر، لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆبوونەوەیەك ساز دەكەن و تێیدا تاوتوێی ئەوە دەكەن كە هەموو لایەنە كوردییەكان بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومنی پارێزگاكانی عێراق لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بكەن.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی، هەوڵ دەدرێت لەو كۆبوونەوەیەدا دوایین بڕیار بدرێت، بۆ ئەوەی هەموو لایەنە كوردییەكان بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا بكەن.
بڵند ئیبراهیم




