٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووری حەمەعەلی: ھێزی ھاوبەش لە دەوروبەری كەركووك جێگیر دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- دانوستانەكان بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك بەردەوامییان ھەیە و بەرپرسێكی پارتیش ئاشكرای كرد، بڕیارە ھێزی ھاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دەوروبەری كەركووك جێگیر بكرێت.

نووری حەمەعەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دانوستانەكان بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك بەردەوامییان ھەیە لە نێوان ھەرێم و بەغدادا و بڕیارە دوو لیوای پێشمەرگە و دوو لیوای سوپای عێراق لە باكوور و رۆژھەڵاتی كەركووك جێگیر بكرێن وەك ھێزی ھاوبەش، بەڵام تا ئێستا نەچۆتە واری جێبەجێكردنەوە".

بەرپرسەكەی پارتی دەشڵێت: "لەگەڵ ھەنگاوەكان بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك، بڕیارە بارەگاكانی پارتیمان رادەست بكرێنەوە و ژمارەی بازگەكان كەم بكرێنەوە، ئەوانەی زیادەن".

نووری حەمەعەلی، كە ھاوكات فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركووكیشە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، بە بێ جیاوازی پارێزگاری لە سەر و ماڵی ھاووڵاتیانی كەركووك دەكات، چونكە ساڵی رابردوو كێشەی زۆر بۆ خەڵكی ئەو سنوورانە دروست بوو، بە تایبەتی سووتاندنی گەنمی جووتیاران، كە ئەگەر ھەندێكی داعش بووبێت، بەشێكی تری دەستی دیكەی تێدا بوو".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار