٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوو شاندی پۆڵەندا و فەڕەنسا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندنی ژووری بازرگانیی هەرێمی كوردستان گوتی، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا دوو شاندی بازرگانیی فەڕەنسا و پۆڵەندا بێنە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی دیداری ئابووری ساز بدەن و دواتریش بە هاوبەشی لە هەرێمی كوردستان كاری بازرگانی بكەن.

ئەسكەندەر محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا دوو شاندی پۆڵەندا و فەڕەنسا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، بە مەبەستی ئەنجامدانی دیداری ئابووری بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی ئەو دوو وڵاتانە بتوانن لەگەڵ هەرێمی كوردستان كاری هاوبەشی بازرگانی بكەن، بەمەش تەنها لەمساڵدا نزیكەی 40 شاندی بازرگانیی وڵاتانی جیهان سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی ژووری بازرگانیی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "لە رۆژی یەكەمی مانگی داهاتوودا دیداری ئابووریمان لەگەڵ شاندی پۆڵەندا و رۆژی دووی مانگیش لەگەڵ شاندی فەڕەنسا دەبێت، بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی ئەوان و هەرێمی كوردستان بە یەك بگەیەنین".

محەمەد دەشڵێ: "دەمانەوێت كۆمپانیا جیهانییەكان و كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان پەیوەندیی باشیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن پێكەوە كاری بازرگانی بكەن لە هەرێمی كوردستان، چونكە ئێمە مەبەستمانە زۆرترین كۆمپانیای جیهانی بێنە هەرێمی كوردستان و تاوەكو ئێستاش لە هەوڵەكانی خۆمان سەركەوتوو بووینە، چونكە ئێستا هەرێمی كوردستا بۆتە شوێنێكی گرنگی بازرگانی بۆ وڵاتان".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئەو كۆمپانیایانە سەرەتا دێن دیدار ساز دەكەن و دواتر رێككەوتن دەكەن، بۆ ئەوەی پێكەوە كاری هاوبەش بكەن و بێن لە هەرێمی كوردستان كاری بازرگانی بكەن، ئێمەش هەموو هاوكاری و كارئاسانییەكیان بۆ دەكەین".

 

بڵند ئیبراهیم   

هەواڵی پەیوەندیدار