٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راگەیاندنی پارتی (56)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان پیرۆز دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (56)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستانەوە، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە.

ئەمە دەقەكەیەتی:

 بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ھەڤاڵانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و كادیر و كارمەندانی رادیۆی دەنگی كوردستان..

بە بۆنەی (56)ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی (ئێزگەی دەنگی كوردستان) پیرۆزباییەكی گەرم لە خۆمان و لە ئێوەی بەڕێز و گوێگرانی ئازیزی رادیۆی دەنگی كوردستان دەكەین، مایەی شانازییە بەو تەمەنە پڕ شكۆیە ئەو دەنگە زوڵاڵە نەسرەوتووە و بەردەوامە لە خزمەتگەیاندن، بۆیە دەستی هەوڵ و ماندووبوونتان توند دەگوشین، هیوای هەنگاوی زیاتر و بەرهەمدارترتان بۆ دەخوازین لە كار و پرۆگرامەكانتان.

دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان بە بڕیار و رێنمایی (بارزانیی نەمر) هەنگاوێكی گرنگ و بەرپرسانە بوو لەو سەردەمەدا و رۆڵی دیار و كاریگەری خۆیشی هەبوو لە هۆشیاركردنەوە و داكۆكیكردن لە بیروباوەڕ و گیانی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری، جگە لەوەی شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەو كاروانەدا دەورێكی دیار و بەرچاوی هەبوو لە پتەوكردن و بەرزڕاگرتنی رۆحی خۆڕاگری و بەرخودان و شۆڕشگێڕی.

رادیۆی دەنگی كوردستان، دەنگێكی تایبەتمەندی بواری راگەیاندنە لە ڕووی بەخشش و ئەرشیفی دەوڵەمەندی شۆڕشگێڕی و كولتوورییەوە، هەروەها لە رێی هەمەڕەنگیی بەرنامە و پرۆگرامەكانیەوە توانیویەتی رۆژ بە رۆژ بەربڵاوتر و هەمەلایەنەتر كاربكات و ببێتە سەكۆی خواست و داواكارییەكانی خەڵك.

لەو بۆنەیەدا وێڕای دووپاتكردنەوەی تەواوی پشتیوانیمان بۆ ئێزگەی دەنگی كوردستان، ئومێدەواین زیاتر و باشتر لە هەموو روویەكەوە بەرەو پێش بچن و لەئاست ئەو ئەركە پیرۆزەی خۆتان بن لە خزمەتكردنی بیسەرانتان و هاووڵاتیان.

  جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هیوای بەردەوامی و هەمیشە سەركەوتنتان بۆ دەخوازین..

 

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

28/9/2019

هەواڵی پەیوەندیدار