"گومان لە لیژنەی وردبینی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک ھەیە"
_(5)__2019_09_26_h15m55s25__ER.jpg)
کەرکووک-KDP.info- لیژنەیەک بۆ وردبینیی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکووک پێک ھاتووە و ئەندامێکی لیستی برایەتیش ئاشکرای کرد، ھیچ ئەندامێکی کورد و تورکمان لەنێو لیژنەکەدا نین، لەبەر ئەوە گومان لە کارەکانی دەکرێت.
جوان حەسەن، ئەندامی لیستی برایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە بەغداوە لیژنەیەک بە مەبەستی وردبینیی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکووک پێک ھاتووە، بەڵام ئەندامانی لیژنەکە ھەمووی عەرەبن و ھیچ ئەندامێکی کورد و تورکمانی تێدا نییە، ئەوەش ھێندەی تر گومانی خستووەتە سەر تۆماری دەنگدەران و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە مانگی نیسانی ساڵی دابێت بەڕێوە بچێت."
ئەندامەکەی لیستی برایەتی گوتیشی: "کورد و تورکمان دوو پێکھاتەی سەرەکیی پارێزگای کەرکووکن و زۆرینەی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە پێک دێنن، نەبوونی ئەندامی کورد لە لیژنەی وردبینیدا مەترسیی بۆ سەر تۆماری دەنگدەران ھەیە کە لە بەرژەوەندیی پێکھاتەیەک دەستکاری بکرێت."
جوان حەسەن ڕوونی کردەوە: "دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر عەرەبێکی زۆر لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ھاوردەی کەرکووک کراوە و لە ڕێگەی فۆڕمی خۆراک و ناسنامەی باری شارستانییەوە کارئاسانییان بۆ کراوە، تا لە ھەڵبژاردنی دابێدا بەشداری بکەن و مافی دەنگدانیان ھەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە ڕەوشی کەرکووک جیاوازە لە ھەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق و پێویستە ھەڵبژاردن بە پڕۆسەیەکی شەفاف و دوور لە دەستوەردان و ساختەکاری بەڕێوە بچێت، نەک ھەر لە ئێستاوە گومانی دیکەیشی بۆ زیاد بکرێت."
قائید میرۆ




