٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گۆران: لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان بە ستراتیژیەتێكی نوێوە بەشداریی هه‌ڵبژاردن دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێ، هەڵبژاردنی ئەمجارەی پارێزگاكان سەخت دەبێ، بۆیەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بە ستراتیژییەكی نوێوە بەشداریی پرۆسەكە دەكەن.

خەسرۆ گۆران، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بە هۆی نەمانی پێگەی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی درەوەی ئیدارەی هەرێم، هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق سەخت دەبێ، بەو پێیەی لە دوای ٢٠٠٣ـوە هەتا دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر كورد رۆڵێكی بەهێزی لە كەركووك و خانەقین و شنگال و مووسڵ و ناوچەكانی دیكەدا هەبووە، چونكە لە رووی ئیداری و ئەمنی و حزبییەوە رۆڵیان هەبوو، بۆیە كورد بە هێزەوە دەچووە هەڵبژاردنەكانه‌وه‌.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، كە لە ئێستادا هیچ لەو رۆڵ و ئامادەییانەی كورد لەو ناوچانەدا نەماون، بۆیە جەختی لەوە كردەوە، كە دەبێ كورد بە ستراتیژییەتێكی نوێوە بەشداریی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بكات.

گۆران ئەوەشی گوت، كە پارتی سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكات، مەبەستیش لێی ئەوەیە، كە كورد یەك لیست بن، بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە سەروو حزبەوە دابنێن، هەتا زەرەرمەند نەبن و ئایندەی خەڵك و پارتە سیاسییەكانیش لەو ناوچانە زیانی پێ نەگات، ئەویش لە پێناو پاراستنی كوردستانییەتی ناوچەكان، هاوكات پێگەی راستەقینەی كوردیش لەو ناوچانەدا بۆ دۆست و دوژمن بچەسپێنێت.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، نەیشاردەوە، كە لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە گەلەكۆمەیەكی زۆر لەسەر كورد هەیە، ناوچەكان تەعریب دەكرێن و كوردی لێ دەسڕێتەوە و عەرەبی دیكەی هاوردەش بۆ ئەو ناوچانە هێندراون، تەنانەت لە رووی یاساییشەوە ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەوڵیان دا، یاسای هەڵبژاردن بە كەیفی خۆیان و لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیان هەموار بكەنەوە و چەندین بڕگەیان دەستكاری كرد، جەختیشی لەوە كردەوە، لە بەرانبەردا دەبێ كورد پێكەوە بن و ناكرێ هەر لایەنە و بە تەنیا هەنگاو بنێ و پەرتەوازە بن، بەو پێیەشی كە كورد لە كەركووك زۆرینەیە و یەك لەسەر سێی پارێزگای مووسڵیش كوردن و قۆناغەكەش هەستیارە، وا پێویست دەكات، لە پێناو نەفەوتانی دەنگی كورد، لایەنە كوردستانییەكان بە یەك لیست بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بكەن.

 

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار