٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاونیشتمانیانى سلێمانی:‌ سەربەخۆییی كوردستان لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی دەبینین

سەرچاوە: KDP.info

 

سلێمانی-KDP.info- ئەمڕۆ دووەم ساڵڕۆژی ڕیفراندۆمی باشووری كوردستانە بۆ سەربەخۆیی، یەكێك لەو دەنگدەرانەی بۆ یەكەمین جار بەشداریی لە ھەڵبژاردنەكاندا كردووە، دەڵێ، سەرۆك بارزانی، دەنگی زوڵاڵی سەربەخۆییی كوردستانی گەیاندە ھەموو جیھان.

 

ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان و تێیدا ۹۲٫۷۳%ی ھاووڵاتیانی كوردستان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا.

 

لەم بارەیەوە، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕا و بۆچوونی گەنجانی سلێمانی وەردەگرێت، كە بۆ جاری یەكەم بەشدارییان لە ھەڵبژاردنەكاندا كردووە و یەكەم دەنگدانیشیان بۆ سەربەخۆییی كوردستان بووە.

 

شێنێ دڵشاد، یەكێكە لەو دەنگدەرانەی كە بۆ یەكەمین جار بەشداریی لە ھەڵبژاردنەكاندا كردووە، دەڵێت: "بە بەشداریكردنم لە دەنگدانی سەربەخۆیی، ھەستێكی نیشتمانی و نەتەوەییم لا دروست ببوو." ئاماژەش بۆ دوو ساڵ لەمەوبەر دەكات، كە بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە لەگەڵ خێزانەكەی بەرەو سندووقەكانی دەنگدان ڕۆیشتوون و دەنگیان بە بەڵێ داوە بۆ سەربەخۆییی كوردستان.

 

شێنێ پێی وایە، سەدان ساڵە میللەتی كورد بێبەش بووە لە مافەكانی، كە تا ئێستاش بەردەوامە، چونكە ڕیفراندۆم مافێكی دەستووری و بنچینەییی گەلانە بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەواكان لە ڕووی ڕامیاری و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە. ھەروەھا ڕوونیشی دەكاتەوە، كە سەرۆك بارزانی مێژوویەكی زۆری ھەیە لە خەبات و چەندین دەور و زەمانی بینیوە و لەگەڵ ھەلومەرجەكان بڕیاری گونجاوی داوە و دەوری كاریزمای بینیوە لە قۆناغی مێژووی خەباتی گەلەكەمان.

 

نێچیرڤان بەكر، بەشداربوویەكی تری دەنگدانی ڕیفراندۆم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، كە پرسی سەربەخۆییی كوردستان، پرسێكی مێژووییی كوردە و لە دێرزەمانەوە كورد ھەوڵی بۆ داوە، داوای سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسینی لە دەوڵەتی عێراق كردووە. ھەروەھا مانای ڕیفراندۆم لە دڵی ھەر تاكێكی كورددا واتای سەربەخۆیی و بوونی دەوڵەتی كوردستانە. دەشڵێت، ھەلومەرجەكانی ساڵی ٢٠١٧ باشترین كات بوو بۆ وەرگرتنی ڕای گەل و دواتر ھەوڵدان بۆ بەدیھێنانی سەربەخۆیی لە ڕێگای دەستوورەوە.

 

‎نێچیرڤان، ئەوەش ڕوون دەكاتەوە، ھەڵوێستی سەرۆك بارزانی بۆ ھەموو گەلی كوردستان و ھەموو جیھان ئاشكرا بوو، كە خەونی بەدەستھێنانی سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی كوردستانە. پێشی وایە، سەرۆك لە كاتێكی ھەستیاردا تەواوی بەرپرسیارییەكانی ئەنجامی ڕیفراندۆمی گرتە ئەستۆ، كە ئەم ھەڵویستەی سەرۆك بۆ ھەمیشە لە مێژووی كورددا دەمێنێتەوە. دەشڵێت، بۆ ھەمیشە  تاك بە تاكی میللەتی كورد شانازی بە بوونی كەسایەتییەكی كاریزمای وەك جەنابی سەرۆكەوە دەكات.

 

ناوبراو جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە ‎٢٥ی ٩ی ٢٠١٧ ئەو ڕۆژەیە كە بۆ ھەمیشە لە یادمدا دەمێنێتەوە، چونكە یەكەم جار بوو بتوانم بەشداری لە دەنگداندا بكەم، كە من وەك كوردێك بەشدار دەبم لەو پرسە گرینگەی كورد بۆ بەدیھێنانی خەونی لەمێژینەی كورد و بارزانی نەمر.

 

جێگای ئاماژەشە، برایەكی نێچیرڤان بەكر، خوێنی لەپێناو نیشتمان ڕژا بۆ ئەوەی نیشتمانێكی سەربەخۆمان ھەبێت، چووە ڕیزی ئەو شەھیدانەی كە گیانی خۆیان لە پێناو كوردستان دانا. بۆیە نێچیرڤان دەڵێت، ھەموو كات بەو ئاواتەوە دەژی کە وڵاتێكی سەربەخۆی ھەبێت و لەو بڕوایەشدایە سەربەخۆییی كوردستان لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی دەبینێت.

 

ڕۆژی ٧ی ٦ی ٢٠١٧، بە سەرپەرشتیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی ١٥ لایەنی سیاسی و پێكھاتەكان، بڕیار درا كە ٢٥ی ٩ی ٢٠١٧ ڕیفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و گەل بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.

 

ڕاوێژ شێروان، گەنجێكی دانیشتووی شاری سلێمانییە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، كە ڕیفراندۆم خستنەڕووی بابەتێكە بۆ گەل، بۆ ئەوەی گەل بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدەن، كە ئەمەش گەڕانەوەی سەروەرییە بۆ میللەت، ڕیفراندۆم ئەو دەسەڵاتە بە گەل دەدات كە خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، ھەروەھا ڕیفراندۆمێك بوو بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی گەلێك، كە لە مێژوودا تەنھا ۱۱ مانگ سەربەخۆیی لە كۆماری كوردستان لە (مەھاباد) بەدی ھاتووە.

 

ھاوكات ئاماژە بە ھەڵوێستی سەرۆك بارزانی و بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم دەكات، كە وەك خۆی دەڵێ، دووانەیەكی لە یەك دانەبڕاون، چونكە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم پەیوەست بوو بە بڕیاری جەنابی سەرۆك، كە ڕابەری نەتەوەییی كورد، میللەتی ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە كردەوە: "ئایا لەگەڵ سەربەخۆییی ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیت؟"

 

ڕاوێژ شێروان، ئاماژە بەوەش دەكات، كە ھەستێكی خۆشە كاتێك مرۆڤ لە وڵاتێكی ژێردەستەدا دەنگ دەدات بۆ سەربەخۆییی وڵاتەكەی، ئەم ھەستەش تەنیا لە لای كەسە نەتەوەییەكان ھەستی پێ دەكرێت و مرۆڤ ناتوانێت لە چوارچێوەی چەند دێڕ و نووسینێكدا پێناسەی بكات.

 

ھاوكات دیاری حەمەڕەشید، گەنجێكی تری بەشداربوو لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، كە ڕیفراندۆم پرۆسەیەكی یاساییی دەنگدانی كۆمەڵێكە لە ناوچەیەكدا، یان گەلێك لە وڵاتێكدا. دەشڵێ، وەكو قوتابییەك ھەستێكی زۆر خۆشم ھەبووە كە دەنگم بە بەڵێ دا، چونكە یەكەم بەشداریم لە دەنگدان دەنگدانی ڕیفراندۆم بووە، كە وەك تاكێكی كورد لە ژیانمدا بەڵێم بۆ سەربەخۆییی كوردستان بووە، بۆیە سەد ساڵی تریش دەڵێم بەڵێ بۆ سەربەخۆییی كوردستان.


ھەڵكەوت محەمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار