لە سلێمانی پانێڵی یادی دوو ساڵەی ڕێفراندۆم بەڕێوە دەچێت

سلێمانی - KDP.info - ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی، پانێڵک لە هوتێل تایتانیکی سلێمانی بۆ چوار بەرپرسی باڵای حزبەکانی پارتی و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتو ڕێک دەخات و، ماموستایانی زانکۆ و کەسانی ئەکادیمیش بەشدار دەبن.
عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەک ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی، کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هوتێل تایتانیک، پانێڵێک ڕێک دەخەین، نوێنەری پارتی و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتو میوان دەبن و پانێڵەکە بەڕێوە دەبەن".
عەتا شێخ حەسەن گوتیشی: "ئەو کەسانەی ئامادەی پانێڵەکە دەبن کەسانی بیروڕای جیاواز، ماموستایانی زانکۆ و ئەکادیمی بانگهێشت کراون و دەمانەوێت لە پانێڵەکەدا ڕای جیاواز هەبێت و ئێمە وەک پارتی باوەڕمان بە ڕای جیاواز هەیە."
شێخ حەسەن گوتی: "لە دەنگدان بە ڕێفراندۆمی سەربەخۆییدا ویستی گەلی کوردستان بە دنیا گەیەندرا، ڕای گەلی کوردستان ئەوەیە سەربەخۆ و ئازاد بن، دەیانەوێت لە ڕێگەی ئاشتییانەوە مومارسەی مافی خۆیان بکەن، ئەویش ئازادی و سەربەخۆییە، هەر دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆژێک ددان بە دەرئەنجامی ڕێفراندۆمی سەربەخۆییدا بنێت."
شێخ حەسەن گوتیشی: "ئامانجمان لە پانێڵەکە یادکردنەوەی ئەو ڕێفراندۆمەیە، کە بیری نەتەوەییی لە هەرچوار پارچەی کوردستان ڕەنگڕێژ کرد، بۆ ئەوەی بەرز ڕای بگرین. هەروەها ئامانجمان ئەوەیە لە پانێڵێکی ڕای جیاوازدا لەگەڵ کەسانی ئەکادیمی و نیشتمانپەروەر و ئۆپۆزیسیۆن گفتوگۆیەک بکەین، ڕای خۆیان بڵێن، بۆ ئەوەی کرانەوەی زیاتر لە ناوخۆ هەبێت و لە دەرەوەش یەکگرتوو بین".
عەزیز هەورامی




