كوردستانیان لە ساڵیادی ڕیفراندۆمدا: دەستبەرداری سەربەخۆیی نابین
_(4)__2019_09_25_h15m46s13__ER.jpg)
سۆران-KDP.info- ئەمڕۆ 25ی ئەیلوولی 2019، دوو ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستاندا تێ دەپەڕێت، كە 93%ی خەڵكی كوردستان دەنگیان بە بەڵێ دا و داوایان كرد سەربەخۆ بن. كوردستانیانیش دەڵێن، ئەگەر ئێستاش ڕیفراندۆم بكرێتەوە، هەر دەنگیان بە بەڵێیە بۆ سەربەخۆیی و دەستبەردار نابن، چونكە تا سەربەخۆ نەبن، بە مافە ڕەواكانی خۆیان ناگەن.
ئازاد محێدین، هاووڵاتییەكی سۆرانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو ڕۆژەی كە دەنگم دا بۆ سەربەخۆیی، خۆشترین ڕۆژی ژیانی من بوو، تا ماویشم هەر شانازی بەو ڕۆژەوە دەكەم، هیوادارم ڕۆژێك بێت كار بە ئەنجامی ڕیفراندۆم بكرێت و بەو ڕۆژە بگەین كە دەریایەك خوێنمان بۆ داوە، تا كەسی دیكە نەتوانێت دەست بۆ كوردستان درێژ بكات و بە مافە ڕەواكانی خۆمان بگەین".
شیلان شێرزاد، ئافرەتێكی سنووری ڕواندزە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "ئەگەر ئێستا سەربەخۆ بووینایە و وڵاتی خۆمان هەبایە، كەس نەیدەتوانی دەست بۆ هەرێمەكەمان درێژ بكات، بەڵام بەداخەوە خیانەت نەیهێشت بە هیوا و ئاواتەكانی خۆمان بگەین، بەڵام بڕوام وایە ڕۆژێك هەر دێت بەو ڕۆژە دەگەین كە باب و باپیرانی ئێمە خۆیان لە پێناودا كردووەتە قوربانی".
فاتیمە شەریف، كە كوڕێكی لە شەڕی داعش لە باشیك شەهید بوو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی دا: "كاتێك كە كوڕەكەم شەهید بوو، وامزانی هەموو شتێكم لە دەست دا و بێئومێد بووم لەو ژیانە، بەڵام كاتێك دەنگم بە بەڵێ بۆ سەربەخۆییی كوردستان دا، وامزانی ئێستا كوڕەكەم هاتووەتەوە و شەهید نەبووە، خوێنی كوڕەكەم بەفیڕۆ نەچووە، بەڵام بەداخەوە خیانەتكاران نەیانهێشت دایكی شەهیدان بە هیوا و ئاواتی خۆیان بگەن، هیوادارم خوێنی كوڕەكەم و هەموو شەهیدانی دیكە بەفێڕۆ نەچێت و بەو ڕۆژە بگەین كە كوڕەكەم خۆی لەو پێناوەدا كردووەتە قوربانی".
دڵدار نەعمان، گەنجێكی سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد: "ئەگەر ئێستاش ڕیفراندۆم بكرێت و لێم بپرسن چۆن دەنگ دەدەی، دەنگم هەر بە بەڵێیە بۆ سەربەخۆییی كوردستان و دەستبەردار نابین، چونكە تا سەربەخۆ نەبین بە مافەكانی خۆمان شاد نابین، بۆیە هیوادارم گەلی كورد هەموو یەك بگرێت بۆ ئەوەی ئێمەش وەكو هەموو گەلانی جیهان بە مافە ڕەواكانی خۆمان بگەین و سەربەخۆ بین و وڵاتێكمان هەبێت بە ناوی كوردستان".




