له ماوه‌ی 70 ڕۆژدا سه‌رجه‌م ڕێگاكان چاك ده‌كرێنه‌وه

هه‌ولێر -KDP.info- بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ڕێگاوبان گوتی، دوای ده‌رچوونی بڕیاری حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاككردنه‌وه‌ی ڕێگاوبانه‌كان، ماوه‌ی دوو ڕۆژه ده‌ست به جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه كراوه و پێویسته بەڵێنده‌ران له ماوه‌ی 70 ڕۆژدا هه‌موو ڕێگاكان چاك بكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌رنا سزا ده‌درێن.
سه‌رۆكی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان 33 ملیار دیناری ته‌رخان كرد بۆ ئه‌وه‌ی پێش هاتنی وه‌رزی سه‌رما هه‌موو ڕێگاكان له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان چاك بكرێنه‌وه. له‌م باره‌یه‌وه بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ڕێگاوبان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای بڕیاری سه‌رۆكی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان و ته‌رخانكردنی 33ملیار دینار بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ڕێگاكان چاك بكرێنه‌وه، ماوه‌ی دوو ڕۆژه ده‌ستمان كردووه به چاككردنه‌وه‌ی ڕێگاكان و بڕیاره له ماوه‌ی 70 ڕۆژدا سه‌رجه‌م ڕێگاكانی هه‌رێمی كوردستان چاك بكرێنه‌وه."
سدقی ئامێدی گوتیشی: "هه‌موو به‌ڵێنده‌ران ئاگادار كراونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی 70 ڕۆژدا كاری خۆیان جێبه‌جێ نه‌كه‌ن، سزا ده‌درێن، بۆیه چاككردنه‌وه‌ی ڕێگاكان به چڕی ده‌ستی پێ كردووه."
ئامێدی باسی له‌وه‌ش كرد: "له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان له هه‌ر شوێنێك ڕێگایه‌ك تێك چووبێت چاك ده‌كرێته‌وه."
بڵند ئیبراهیم




