٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك و سەركردەكان بۆ KDP: بڕیاری ریفراندۆم، دەرگای سەربەخۆیی كرده‌وە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- سەرۆك و سەركردە سیاسییەكانی كورد، لە بارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانەوە دەڵێن، ریفراندۆم بڕیارێكی راست و دروستی گەلی كوردستان بوو، بۆیەش لە ریفراندۆمدا دیار بوو كوردستانیان چەند تامەزرۆی سەربەخۆیین و دەیانەوێ سەربەست و سەرفراز بژیت.

نەسرەدین ئیبراهیم، سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردی لە سووریا (ئەلپارتی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "رۆژی ریفراندۆم، ڕۆژێكی مێژوویی گەلی كوردستان بوو و بە شێوەیەكی شارستانییانە كوردستانیان بە جیهان گوت دەمانەوێت سەربەخۆ بین، بۆیەش بە هەر شێوەیەك بێت ئەمە مافی خۆمانە و دەبێت رێزی لێ بگیرێت، ڕێبەری كوردستان، سەرۆك بارزانی، پێشڕەو و پێشەنگی ریفراندۆم بوو و لە داهاتووشدا ئەنجامی ریفراندۆم دیار دەبێت، بۆیەش هەمیشە پشتیوانی مافی گەلی خۆمانین لە هەموو شوێنێكی دونیادا".

هاوكات موستەفا ئۆزجەلیك، سەرۆكی گشتیی پارتی ئازادیی كورد لە توركیا، بۆ ماڵپەری فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانگوتی: "پرسی گەلی كوردستان لە باشوور، پرسی تەواوی كوردستانیانە و ریفراندۆمی گەلی كوردستانیش لە بەرژەوەندیی كورد و گەلانی ناوچە و رۆژهەڵاتی ناڤینیشدایە، به‌ ریفراندۆمیش دەنگی بە جیهان گەیاند و هەنگاوێكی زۆر باش و پیرۆز و عەقڵانیش بوو".

ئۆزجەلیك دەشڵێ: "ناكرێت كورد هەمیشە چاویان لە دەستی وڵاتان بێت تا سەربەخۆیمان پێ بدەن، دەبێت ئێمە داوا بكەین و بەرخودان بكەین، ئەوەی داوای سەربەخۆیی بكات، دەبێت چاوەڕێی هەموو ئەنجامێك بكات".

 

په‌یوه‌ست به‌و پرسه‌ عەبدولباست سەیدا، سەرۆكی پێشووی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و شرۆڤەكاری دیاری رۆژهەڵاتی ناڤین، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "هەنگاوێكی هەرە پیرۆزی كوردستانیان ریفراندۆم بوو و باجی سەربەخۆیی چەندیش بێت، دەبێت كورد بەرگەی بگرن، كە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم، بڕیارێكی حەكیمانە بوو بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی و سەرۆكیش بە ئەركی پیرۆزی نەتەوەیی هەڵسا، كە بۆ یەكەم جار لە كەشێكی دیموكراسیانەدا توانی گەلی كوردستان بهێنیتە سەر هێڵ و بڵێت، ئێمە داوای مافی شەرعیی خۆمان دەكەین".

سەیدا دەشڵێ، ئەوەی لە باشوور كرا، هەنگاوێك بوو نەك تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكوو پەیامێك بوو بۆ تەواوی كوردەكانی جیهان كە ئەوان بێ خاوەن نین.

هاوكات سلێمان ئۆسۆ، سكرتێری پارتی یەكێتیی كوردستان-سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، لە ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧ـدا كوردانی دنیا بە دەنگێكی زوڵاڵ بە جیهانیان گوت ئێمە سەربەخۆییمان دەوێ، بۆ هەموو جیهان دەتوانێت مومارەسەی مافی خۆی بكات و بۆچی ئێمە نا.

سینان چەفتیۆرك، سەرۆكی گشتیی پارتی كۆمۆنیستی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "بڕیاری ریفراندۆم، بریارێكی ژیرانە بوو و دەرگای سەربەخۆیی كرده‌وە و بووە بابەتی رۆژەڤی جیهانی، پرسی كەركووك و شنگال و خانەقینیشی یەكلا كردەوە، كەوا دوژمن هەمیشە ویستوویەتی ئەم ناوچانە لە كورد بستێنێت.

هاوكات سارتاج بوجاك، سەرۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی كوردستان- باكوور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت، سوپاس بۆ خوا نەوەیەكی كورد پێگەیشتووە كە نەوەیەكی ناسیۆنالیستییە و دەزانێت كێ بۆ سەربەخۆیی كار دەكات و كێ دژیەتی، رابەرایەتیی سەرۆك بارزانیش بۆ ئەم پرسە گەورەیە، مێژووییەكی پرشنگدارە.

گوتیشی، لە ریفراندۆمدا نەوەی نوێی كورد بە گوڕ و تینێكی زۆرەوە دەنگیان گەیاندە جیهان و ئەنجامەكانیش بە روونی دیار دەبن، بۆیەش ریفراندۆم بریاڕێكی گرنگی گەلی كوردستان بوو لە مێژوودا.

ئیسحاق ساغلام، سەرۆكی گشتیی هوداپار (HUDA PAR)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: "لە پڕۆسەی ڕیفراندۆمدا جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی نیشانی دا كە گەل و كۆمەڵگاكان بۆ ئەوەی چارەنووسیان دیاری بكەن، دەتوانن بێ شەڕ و پێكدادانی چەكداریش شتێك بكەن، هەروەها سەرپەرشتیكردنی قۆناغی ڕیفراندۆم وەكو پەیامێك كە بە دونیا دراوە، لە مێژوودا تۆمار دەكرێت، جگە لەوەش بڕیارەكەی سەرۆك بارزانی و ئەركە مێژووییەكەی، لە بیری نەوەكانی دەهاتوودا جێگیر دەبێت.

دەشڵێ، دەبێت كورد بە دەنگێكی بەرز بە دونیا بڵێت، كە ئێمە شەڕ و پێكدادان و نائارامیمان ناوێ و نامانەوێت هێزە سیاسییەكان و نەوەكانمان بە شەڕكردن كات بەهەدەر بدەن، بەڵكوو دەمانەوێت كێشەكانمان لە چوارچێوەی حەق و برایەتی و دراوسێتیدا چارەسەر بكەین.

شەلال گەدۆ، سكرتێری گشتیی پارتی چەپی دیموكراتی كوردی لە سووریا ڕایگەیاند، كوردستانیان بە رابەرایەتیی سەرۆك بارزانی بە دونیایان گوت، كە دەبێ كورد بگاتە مافەكانی و چیتر ژێردەستی قبووڵ ناكات، ئەمەش هەنگاوێكی پیرۆز بوو.

گەدۆ گوتیشی: "ئەم هەنگاوە مێژووییە نەك تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان، بگرە بۆ تەواوی پارچەكانی دیكەش گرنگ بوو و بووەتە پاڵپشتییەكی گرنگ بۆ پارچەكانی تر".

هاوكات، تاریق خەركی، سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستانی سووریا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوتی: "پرۆسەی ریفراندۆم، پرۆسەیەكی مێژوویی بوو لە مێژووی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا و كوردیش لە پێش هەموو دونیا بە شێوەیەكی دیموكراسیانە و لە نێو هەناوی رۆژهەڵاتی ناویندا داوای مافی رەوای خۆی كرد".

 

كــاروان بـــاعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار