حكوومەتی هەرێم چوار ناوچەی پیشەسازی بنیات دەنێت

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕایدەگەیەنێت، حكوومەتی هەرێم بە ئامانجی دۆزینەوەی هەلی كار و زیادكردنی هەناردە، چوار ناوچەی پیشەسازی لە شارەكانی كوردستان بنیات دەنێت.
فەتحی مەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پلانی ستراتیژیی وەزارەتی بازرگانی كە بە ئەنجوومەنی وەزیرانمان داوە، بریتییە لە دروستكردنی چوار ناوچەی پیشەسازی لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی گەرمیان، بۆ ئەم مەبەستەش لە هەنگاوی یەكەمدا حكوومەتی هەرێم بۆ هەر ناوچەیەكی پیشەسازی یەك ملیۆن مەتر دووجا زەویی دابین كردووە".
ناوبراو گوتیشی: "حكوومەتی هەرێم ژێرخانی پڕۆژەكان دادەنێت وەك ئاو و كارەبا و ئاوەڕۆ و سەرجەم پێداویستییەكانی دیكە، كە دواتر كەرتی تایبەت دێن و كارگەكانیانی تێدا دروست دەكەن و دەست بە كارەكانیان دەكەن".
ئاماژەی بەوەش دا: "حكوومەتی هەرێم چوار ئامانجی هەن لەم پڕۆژەیە، كە بریتین لە دۆزینەوەی هەلی كار و گۆڕینی كۆمەڵگاكەمان لە كۆمەڵگایەكی بەكاربەرەوە بۆ بەرهەمهێن و بەرزكردنەوەی ئاستی هەناردە و نەچوونەدەرەوەی پارەی هەرێم بۆ هەندێ كەلوپەل، كە خۆمان دەتوانین بەرهەمان بهێنین".
هێدی كاكەیی




