جندیانی: خەباتمان ھەر بۆ سەربەخۆییه.. موسەننا ئەمین: كورد لەسەر حەق بوو

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفڕاندۆمی سەربەخۆییدا تێدەپەڕیت و سیاسەتوانانی ھەرێمی كوردستانیش پێیانوایە، خەڵكی كوردستان توانی لە ٢٥ی ئەیلوولدا بڕیار لەبارەی پاشەڕۆژی خۆیانەوە بدەن. ھاوكات كەسایەتییەكی سیاسیی ھەرێمی كوردستانیش جەخت لەوە دەكاتەوە، ھێشتا ریفڕاندۆمی خەڵكی كوردستان ھێز و توانستی خۆی ماوە و دەڵێ، بە زەبری ھێز و نانبڕین جێبەجێكردنەكەی دوا خراوە.
ئازاد جندیانی، كەسایەتیی سیاسیی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە قۆناغی ریفڕاندۆممان تێپەڕاند و پێویستە میللەتەكەمان ئەوەی لە ریفڕاندۆم دەستی كەوتووە، بە ھەموو شێوەیەك و لە ھەموو دەرفەتێكی گونجاودا بەكاری بێنن بۆ پرسی سەربەخۆیی، پێموایە ئەگەر شمشێر لە كورد ھەڵنەكێشرابێت و دەست نەخرابێتە قورگی میللەتی ئێمە بۆ ئەوەی برسی بكرێت، جارێكی دیكە گەلی ئێمە خەبات و دەنگی ھەر بۆ سەربەخۆیی و ریفڕاندۆمە، چونكە من ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی بە دۆكیومێنتێكی زیندوو دەزانم و قەت نامرێت، بەڵكوو پێی دەڵێم دۆكیومێنێتی فەرمی كە ھێشتا ھێز و توانستی خۆی ماوە، بە زەبری شەڕ و نانبڕین و ترس و توقاندن جێبەجێكردنەكەی دوا كەوتووە".
جندیانی دەڵێت: "ھەرچەندە ئەو كاتەش، واتە بەر لە دوو ساڵ نەمانگوت ئەو رۆژەی ریفڕاندۆم ئەنجام دەدەین، رۆژی دواتر سەربەخۆیی رادەگەیەنین، ھیچ كات ئەوەمان نەگوتووە، ئێمە نیەتمان ئەوە بوو بە دانوستان و لێكتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا ئەنجامی ریفڕاندۆم بخەینە واری جێبەجێكردنەوە".
لای خۆشیەوە، دكتۆر موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ریفڕاندۆم مافێكی شەرعی و دەستووری و یاساییە، ئەوەی گەلی كوردستان بەر لە دوو ساڵ ئەنجامی دا، مافێكی دەستووریی خۆی جێبەجێ كرد، ئەوەی پێی دەگوترێت ریفڕاندۆم، مانای ئەوەی خەڵك بە گشتی رای خۆی دەردەبڕێت، خەڵكیش مافی خۆیەتی لەسەر ھەر پرسێك ڕا و بۆچوونی خۆی ھەبێت، ریفڕاندۆم بەشێكە لە دیموكراسی و مافی دەربڕین و دیاریكردنی پاشەڕۆژی خۆی، ئینجا ھەر یەكێك دەیكات، بەداخەوە بەغدا ریفڕاندۆمی كردە بیانوو بۆ ئازاردانی میللەتی ئێمە و سنوورداركردنی دەسەڵات و مافەكانی، ھەتا بەزۆر نكۆڵی لە مافی میللەتی ئێمە كرا".
ئازاد جندیانی، كە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بوو، دەشڵێت: "بەداخەوە وەڵامی بەغدامان بینی و وەڵامەكانی دەوروبەریشمان بینی، ئەوەی دەگوترێ گوایە كورد بە ھۆی ریفڕاندۆمەوە زەرەرمەند بووە، وا نییە و بەڵكوو عێراق زەرەرمەندی یەكەمە و كورد زەرەری نەكردووە لە ریفڕاندۆم، دەوڵەتی عێراقی زیانی پێگەیشت، چونكە دەرفەتێك ھاتبووە بەردەم عێراق ببێتە دەوڵەتێك بحەسێتەوە لە سایەی كورد لە چوارچێوەی سەربەخۆبوونی كورددا و ئەوانیش سەربەخۆ بن و بحەسێنەوە، ئەو كێشانەی یەخەی عێراقیان گرتووە و ھێشتا بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن، تا ئەو كاتەش درێژەیان دەبێت كە كورد دەگات بە مافەكانی، كە دەڵێم ماف، بە مانای مافی سەربەخۆیی".
هاوكات دكتۆر موسەننا ئەمین ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ھیچ مرۆڤێك لەسەر بیركردنەوە و بۆچوونی خۆی ھیچ جۆرە مامەڵەیەكی یاسایی لەگەڵدا ناكرێت، ئەگەریش ئەو بۆچوونە ناكۆك بێت لەگەڵ فكری سیاسیی ئەو وڵاتە، كوردستان ھیچی ئەنجام نەداوە قابیلی ئەوە بێت بەغدا لەشكركێشی بۆ بكات و خەڵك بكوژێت و ئاوارە و دەربەدەریان بكات، ریفڕاندۆم بۆ وەرگرتنی بۆچوونی میللەت بووە و ھیچ خەرقێكی یاسایی و دەستووری تێدا نییە، پێویستە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا مافی خەڵكی پارێزراو بێت تا ئەوكاتەی جیا دەبێتەوە یان داوای جیابوونەوە دەكات، ناكرێت تەنیا لەسەر دەربڕین و دیاریكردنی پاشەڕۆژی خۆی میللەتێك سزا بدرێت و مافی پێشێل بكرێت، لەبەر ئەوە پێموایە كورد لە ئەنجامدانی ریفڕاندۆم لەسەر حەق بووە".
قائید میرۆ




