د. محەمەد: بڕیاری رادەستكردنەوەی بارەگە داگیركراوەكانی پارتی لە كەركووك دەرچووە

كەركووك-KDP.info- بڕیاری رادەستكردنەوەی بارەگە داگیراوەكانی پارتی لە كەركووك، لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە دەرچووە، بەرپرسێكی پارتیش لە كەركووك دهڵێ، پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی كەركووك داوای لە بەغدا كردووە بارەگاكانی پارتی چۆڵ نەكرێن.
دكتۆر محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەندێك فەرمان لە بەغداوە بۆ سەركردایەتیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك نێرداوە تا بارەگاكانی پارتیمان ئامادە بكرێن و رادەست بكرێنەوە، بەڵام بەداخەوە بەرامبەر بەوە پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی كەركووك نووسراوێكی ئاراستەی ئەمینداری گشتیی سەرۆكایەتیی وەزیرانی بەغدا كردووە، تا بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان رادەست نەكرێنەوە، ھەندێك لایەنی توندڕۆی عەرەبی و توركمانیش لە كەركووك بەیاننامەی ناڕەزایەتییان دەركردووە".
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە كەركووك گوتیشی: "دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، سێ بارەگای سەرەكیی پارتی لەنێو سەنتەری شاری كەركووك و نزیكەی ٣٠ی بارەگای دیكەش لە ھەموو سنووری پارێزگای كەركووك لەگەڵ چەند بارەگایەكی تایبەتی پارتیمان داگیر كراون".
پەیوەست بەوەی یەكێك لە مەرجی پارتی بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك رادەستكردنەوەی بارەگانیانە، دكتۆر محەمەد خورشید ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "یەكێك لە مەرجەكانی پارتی ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە، ئەویش بەوەی ھەموو ئەو ھێزە سەربازیانەی لەنێو شاری كەركووكدان، دەربچن و هەروەها بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش چۆڵ بكرێن و رادەست بكرێنەوە".
قائید میرۆ




