وەزیری ناوخۆ و كۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا كۆ بوونەوە
هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە 25/9/2019 بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێم، لە دیوانی وەزارەت پێشوازیی لە بەڕێز (جیمس تۆرنتۆن) كۆنسووڵی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە سەرەتای دانیشتنەكەدا، بەڕێز جیمس رایگەیاند كە بە هۆی دەستبەكاربوونیەوە وەك كۆنسووڵی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و هەروەها لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی هەرێمی كوردستان و زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم ئەم سەردانەیان ئەنجامداوە، لای خۆشیەوە وەزیری ناوخۆ خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم دیدارە نیشان دا و هیوای سەركەوتنیشی بۆ كۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا خواست لە ئەركی نوێیدا و هەروەها ئامادەیی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆشی نیشان دا بۆ هەر هاوكارییەك كە پێویست بێت.
هەر لە دانیشتنەكەدا رەوشی سیاسی و ئەمنی لە عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی گفتوگۆیان لەسەر كرا، كۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا جەختیشی كردەوە، كە وڵاتەكەی وەك هەمیشە گرینگییەكی تایبەت بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە تایبەتیش لە ڕووی مرۆیی و سەربازییەوە دەدات و هیواشی خواست ئەم هەماهەنگی و هاریكارییانە لە داهاتوودا بەردەوام بن و بگرە زیاتریش پەرەیان پێ بدرێ.
بەڕێز وەزیری ناوخۆ سوپاسی حكوومەت و گەلی بەریتانیای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و بە بەردەوام هاوكار و پاڵپشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوونە و هیواخواز بوو پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بەردەوام بن و لە سەرجەم بوارەكاندا بەرەو پێش بچن.




