پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان: خەباتمان بۆ سەربەخۆیی كردووە و بەردەوام دەبین

سلێمانی-KDP.info- ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا تێپەڕ دەبێت، پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانیش دەڵێن، ئەوان ژیانی خۆیان لە خەبات بۆ سەربەخۆیی لە شاخەكاندا بەسەر بردووە و روونیشی دەكەنەوە: "هەمیشە سەركردایەتیی شۆڕش پێیان دەگوتین، دەوڵەتی كوردستان دروست دەبێت، بۆیە 25-9-2017 ئەو ڕۆژە بوو ئێمەی خەباتگێڕان چاوەڕێمان دەكرد".
سەید بەهادین، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و فەرماندەی هێزی خەباتی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "ئێمەی گەلی كورد خەباتمان بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی كوردستان كردووە، لە كۆبوونەوەیەكمان كە زیاتر لە 500 كەس دەبووین لەگەڵ سەرۆك بارزانی، تایبەت بە ڕیفراندۆم بە سەرۆكمان گوت، جەنابت و ئێمەش وەك پێشەوا قازی محەمەد ئامادەین بڕۆینە ژێر پەتی سێدارە لە پێناو سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستاندا".
ناوبراو گوتیشی: "چەندین دەوڵەت هەیە ژمارەیان ناگاتە یەك ملیۆن كەس و خاوەنی دەوڵەتن، بەڵام پێیان حەرامە ئێمەی گەلی كورد كە خاك و ئاو و ئاڵا و لەشكرمان هەیە، ببینە دەوڵەت، بۆیە خەباتی سەربەخۆیی بەردەوامە و گەلی كورد بە ڕابەرایەتیی مەرجەعەكەی، كە سەرۆك بارزانییە، لە خەباتكردن بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان بەردەوام دەبێت".
ئەكرەم سابیر، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، لای خۆیەوە، دەڵێ: "ئەو ڕۆژەی ڕۆشتمە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگم بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دا، فرمێسكی خۆشی لە چاوەكانم هاتە خوارەوە، ئاوات و ئامانجی باوك و باپیرم و خەباتی خۆم هاتبووە بەرهەم، باپیرم كە پێشمەرگەی شۆڕشی شێخ مەحموودی نەمر بووە، باوكم پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بوو، خۆشم پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بووم، كاتێك دەنگم بە سەربەخۆیی دا، ئەو ڕۆژانەم بیر دەكەوتەوە كە سەركردەكانی شۆڕش كۆبوونەوەیان پێ دەكردین و پێیان دەگوتین خەباتی ئێمە بۆ سەربەخۆیی كوردستانە، پشتئەستوورین كە بە ڕێبەرایەتیی سەرۆك بارزانی و پارتی، بەرهەمی دەنگدانمان بە ڕیفراندۆم دەبینین".
ئەو پێشمەرگە دێرینە گوتیشی: "ئێمەی گەلی كورد هەرگیز لە مافی ڕەوای خۆمان كە دنیایەك خوێنی كوڕ و كچی كوردی بۆ ڕژاوە، خۆش نابین، كە ئەویش سەربەخۆیی و ئازادییە، كۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین و ئێستاش ئامادەین گیانمان بۆ سەربەخۆیی كوردستان فیدا بكەین".
حەبیب عەلی، پێشمەرگە و خەباتگێڕێكی تری گەلەكەمان، دەڵێ:" ئاواتی من و تەواوی كوردستانییان ئەوەیە سەربەخۆیی كوردستان بە چاوی خۆمان ببینین و دەرئەنجامی ڕیفراندۆم بە كردار بكرێت، خەباتی ئێمەی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولیش بۆ سەربەخۆیی و شكاندنی ترس و تۆقاندنی دیكتاتۆریەتی ئەوكاتی عێراق بووە".
ئەو هەروەها دەشڵێ: "كە لە شاخ پێشمەرگە بووین، هەمیشە پێمان دەگوترا خەباتی ئێمە بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەمانە، ڕیفراندۆمی سەربەخۆییش، گەورەترین هەنگاوی یاسایی بوو و بە دونیامان گوت، بە ئاشتی دەمانەوێت دەوڵەتی سەربەخۆمان هەبێت، دەبێت خەبات بۆ سەربەخۆیی لە ناخی تەواوی لاوانی وڵاتەكەمان چەكەرەی كردبێت و بەردەوامی بە خەباتی سەربەخۆیی بدەن".
عەزیز هەورامی




