٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پێکھاتەکان شانازی بە ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی دەکەن"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  پێکھاتەکان لە دووەم ساڵیادی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا جەخت دەکەنەوە کە ڕیفراندۆم بۆ ھەموو باشووری کوردستان بوو. نوێنەرێکی کریستیانەکانیش دەڵێ، ئەوان دڵنیان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستاندا مافە بەدینەھاتووەکانیان بەدی دێن.

 

حاجی ماجد، کەسایەتیی دیاری تورکمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێکهاتەی تورکمان وەک پێکھاتەیەکی ڕەسەنی کوردستان بەشداریی لە پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا کرد و دەنگیان بە بەڵێ دا، چونکە ڕیفراندۆم بۆ ھەموو پێکهاتەکانی ھەرێمی کوردستان بوو، ئەگەر ئێستاش بەرھەمی ڕیفراندۆم نەچنینەوە، ئەوا هەر ڕۆژی خۆی دێ، کە باشووری کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە کار لەسەر ئامانجە ڕەواکانی ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلوول دەکەن".

 

وەحید یاقوو، نوێنەری کریستیانەکان لە شاندی باڵای ڕیفراندۆم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: "شانازی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ ھەموو خەڵکی کوردستانە، چونکە بەردی بناغەی سەربەخۆیی داندرا، ئیدی ڕیفراندۆم بە باشترین بەڵگەی مێژوویی دێ، تا لەو ڕێگەیەوە بگەین بە دەوڵەتی سەربەخۆ، بەتایبەتی بۆ پێکھاتەکانی نێو ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، لەبەر ئەوەی پێکھاتەکان لەنێو دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستاندا دەگەن بەو مافانەی بەدەست نەھاتوون".

 

یاقوو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "پێویستە ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بکرێتە ڕۆژێکی نیشتمانی بۆ ھەرێمی کوردستان و، ئێمە وەک پێکهاتەی کلد و سریان و ئاشوور و ئەرمەن پەشیمان نین لەوەی بەشداریمان لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا کرد و دەنگمان بە سەربەخۆیی دا، ھۆکارەیشی دیارە بۆچی دەنگمان بە سەربەخۆیی دا، ئەویش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشتر و ئێستاش مافی کریستیانەکان پێشێل دەکرێت، تەنیا لە ھەرێمی کوردستان ئێمە پارێزراوین".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار