ئانۆ جەوهەر: داوامان كردووە یان باجەكە هەڵگرن، یان با خەڵك باجەكە نهدات

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوای وردبینی لە نرخی كارتەكانی هەرسێ هێڵی كۆڕەك (تیلیكۆم، ئاسیاسێڵ، زەین) لە ڕێگەی نووسراوێكی فەرمییەوە داوای كەمكردنەوەی باجی سەر نرخی كارتەكان دەكات.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی 2015 سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق حەیدەر عەبادی، بڕیاری دا 20%ی باج بخرێتە سەر نرخی كارتەكانی هەرسێ كۆمپانیای پەیوەندیكردن".
جەوهەر ڕاشیگەیاند: "ئەوكاتەی ئەو بڕیارە درا بە بیانووی شەڕی داعش و نرخی نەوت بوو، بەڵام ئێستا هەم شەڕی داعش تا ڕاددەیەكی باش نەماوە و هەم نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، بۆیە نووسراوێكی فەرمیمان لەڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمەوە ئاراستەی هەریەكە لە سەرۆكوەزیرانی عێڕاق و سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێڕاق، لیژنەی یاسایی و لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەیوەندییەكان و دەستەی گشتی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان كردووە".
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دەشڵێت: "لە نووسراوەكەدا داوامان كردووە یان باجەكە هەڵگرن، یاخود كەم بكرێتەوە بۆ لەسەدا 10% و بخرێتە سەر كۆمپانیاكان، نەك خەڵك باجەكە بدات".
ماردین محەمەد




