لاوانی ھەرێم بە ئاڵای كوردستانەوە بەشداری لە كۆڕبەندی سەركردایەتیی گەنجانی جیھان دەكەن

ئیسپانیا-KDP.info- كۆڕبەندی سەركردایەتیی گەنجانی سیاسی لە جیھان، ناسراو بە GYLF، ساڵانە لە وڵاتی ئیسپانیا سەدان لاوی سیاسی و سەركردەی دیاری جیھانی كۆدەكاتەوە، ئەمساڵیش لاوانی ھەرێم بە ئاڵای كوردستانەوە بەشداری لەو كۆڕبەندەدا دەكەن.
دوای ھەوڵدان و پێشخستنێكی بەرچاوی لاوی سیاسیی كورد لە پێگە ئەورووپی و نێودەوڵەتییەكاندا، لاوانی ھەرێمی كوردستان توانییان لە كۆڕبەندی (گێلف) بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا بە فەرمی و بە ئاڵای كوردستانەوە بەشدار بن.
فەلاح حەسەن، كە جێگری سەرۆكی ھەریەكە لە ڕێكخراوی لاوانی سیاسیی ئەورووپا و جیھانە و ھاوكات نوێنەری دەرەوەی لاوانی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە كۆڕبەندەكەدا بەشدارە و دەڵێت: "زۆر بەختەوەرم كە توانیمان لەم ھەنگاوەشدا سەركەوین و ئاڵای پیرۆزی كوردستانیش بە فەرمی لەم كۆڕبەندەدا دابنێین، ئەم دەستكەوتە لە كات و ساتێكدایە كە گەلی كوردستان دووەم ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكاتەوە لە ٢٥ ی ئەم مانگەدا، بۆیە ھەر نەتەوەیەك یاخود ھەر گەلێك بەردەوام بێت لە خەبات و نكۆڵی نەكات لە مافە ڕەواكانی، ئەوا حەتمەن ئەم نەتەوەیە یاخود ئەم گەلە بە زیندوویی دەمێنێتەوە و دەبێتە جێگەی سەرنجی گەلانی تر".
لاوە كوردەكە گوتیشی: "ئێمە گەلێكی بێ دەوڵەتین، یاخود بڵێین میللەتێكی مافخوراوین، بۆیە گرنگە ھەر تاكێكی كورد لە ھەر ئاستێك بێت، لە دەرەوەی وڵات نوێنەرایەتیی گەلەكەی خۆی بكات و بە جیھانی بناسێنێت".
شایەنی باسە، لەم كۆڕبەندەدا دەیان سەرۆك وڵات و سەرۆك حكوومەتانی پێشوو و سیاسەتمدارانی بەناوبانگ باس لە ئەزموونەكانی خۆیان دەكەن بۆ بەشداربووانی كۆڕبەندەكە و بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.




