٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاركردن لە پڕۆژەی دووسایدی چۆمان - حاجی ئۆمەران دەستی پێكردەوە

سەرچاوە: KDP.info

حاجی ئۆمەران-KDP.info-كاركردن لە پڕۆژەی بەدووسایدكردنی رێگای سەرەكیی هاملتۆن لە نێوان چۆمان-حاجی ئۆمەران دەستی پێ كرد، ئەمەش بووەتە جێگەی خۆشحاڵیی شوفێران و هاووڵاتیان.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی پلاندانان بە ژمارە 1924 لە بەرواری 10-7-2019 كە ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن كراوە، ئاماژە بە دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی دووسایدی رێگای گشتیی نێوان (چۆمان-حاجی ئۆمەران) بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار كراوە.

لە ساڵی 2012 حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە درێژەی كاروانی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، بڕیاری دا رێگای گشتیی نێوان (چۆمان-حاجی ئۆمەران) بە درێژایی 17 كیلۆمەتر، وەك قۆناغی یەكەمی بەدووسایدكردنی رێگای نێوان (سۆران-حاجی ئۆمەران) بكاتە جووتساید و بڕی 51 ملیار دیناری بۆ تەرخان كرد، بەڵام لە 2016 بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی دژی داعش، تەنیا 45%ی كارەكانی بە كۆتا هات و پڕۆژەكە وەستا، بەڵام ئێستا كۆمپانیای جێبەجێكار بە هەمان گرێبەستی پێشوو دەیەوێ پڕۆژەكە تەواو بكات.

فەرزەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "كۆمپانیای ماركۆ ئەلێكس، كە جێبەجێكاری پڕۆژەكەیە، بە فەرمی لە سنووری حاجی ئۆمەران دەستی بە كاركردن كردووە".

ناوبراو گوتیشی: "لە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران تیمەكان سەرقاڵی فراوانكردن و تێكەڵەڕێژكردنن لە دووسایدەكە و بڕیارە بە درێژایی نزیكەی 6 كیلۆمەتر لە سەرەتادا كار بكەن و دواتریش كارەكانیان فراوانتر بكەن".

بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "تەواوكردنی ئەو دووسایدە زۆر گرنگە، بە تایبەت بۆ حاجی ئۆمەران، چونكە بەردەوام هاووڵاتیان، گەشتیاران و بارهەڵگرەكان هاتوچۆ دەكەن و رێگاكە مەرزێكی نێودەوڵەتیی لەسەرە، كە هەرێمی كوردستان بە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەبەستێتەوە و شادەمارێكی ئابووریی گرنگە بۆ هەردوولا، هەروەها كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ و قەرەباڵغی دەبێت، بۆیە تەواوكردنی دووسایدەكە، گرنگیی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكە هەیە".

 

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار