مەسروور بارزانی پێشوازی لە فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد

هەولێر-KDP.info- رۆژى دووشەممە 2019/9/23 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مێجەر جەنەڕال ئیریک هیل فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد .
لە دیدارەکەدا ، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە داعش هێشتاش لە چەند ناوچەیەکی عێراق هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی خەڵک و ئاستەنگە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان. گوتیشی هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
لەبارەی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە کە ئاماژەی ئەرێنیمان لە بەغدا پێگەیشتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان لە سەر بنەمای دەستوور.
فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزی هاوپەیمانانیش خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەرامبەر ئەو هەماهەنگیەی لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەیە و ئامادەییشی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەک کە پێویست بێت.




