خەدیجە عومەر: لیژنەیەك بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای دەستوور پێك دێت

هەولێر-KDP.info- لایەنەكان و پەرلەمان لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای دەستووری ھەرێمی كوردستان بكرێت. ئەندامێكی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێ، لیژنەیەك بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای دەستوور پێك دێت.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "مەبەست لە سەردانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ لای لایەنە سیاسییەكان، بەتایبەتی بۆ لای كەسی یەكەمی حزبەكان، ئەوە بووە كەشێكی گونجاو فەراھەم بكرێت بۆ ئەوەی دەست بە نووسینەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای دەستووری ھەرێمی كوردستان بكرێت، چونكە پێویستە لێكتێگەیشتن و كۆدەنگی لەسەر دەستوور ھەبێت و كاری جیددی بۆ بكرێت".
ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی گوتیشی: "پڕۆژەیاسای دەستووری ھەرێمی كوردستان یەكێكە لەو پڕۆژە ستراتیژییانەی بڕیارە لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا كاری لەسەر بكرێت و ھەركات كۆدەنگیی لەسەر كرا و دەرفەت لەبار بوو، دەست بە ئامادەكردنی ڕەشنووسی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی كوردستان دەكرێت".
خەدیجە عومەر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بەر لە ھەموو شتێك بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای دەستوور پێویستە لیژنەیەكی تایبەت پێك بێت، لەبەر ئەوەش، بڕیارە لیژنەیەكی نوێ بۆ مەبەستی نووسینەوەی پڕۆژەیاسای دەستوور پێك بهێندرێت و كەسانی پسپۆڕ و شارەزا تێیدا بەشداری بكەن، تا بتوانن پڕۆژەیەك ئامادە بكەن بەپێی خواستی ھەموومان بێت، چونكە دەستوور پەیوەندیی بە ژیان و سیستەمی حوكمڕانیی ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە".
قائید میرۆ




