٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پرسەنامەی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی بۆ كۆچی دوایی هونەرمەند (ئەنوەر شێخانی)

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێزان خانەوادەی هونەرمەند و شانۆكار (ئەنوەر شێخانی) 

خەمباربووین بەبیستنی هەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەند و شانۆکاری ناسراوی گەلەكەمان (ئەنوەر شێخانی) بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و كەسوكار و بنەماڵەتێکۆشەرەکەتان و سەرجەم هونەرمەندانی کوردستان دەكەین.

ھونەرمەند و شانۆكار (ئەنوەر شێخانی) ساڵی (1951)لە دایك بووە و لەتەمەنی(19)ساڵیدا دەستی بە كاری شانۆیی كردووە، لە ساڵی(1970) ئەندامی تیپی پێشڕەوی سەر بە سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بووە و دواتر بەڕێوەبەری هونەری كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی/ مەڵبەندی گشتی بووە.

ھەڤاڵی ناوبراو لە ساڵی(1991) رۆڵی دیاری ھەبووە لە دامەزرێنەراندنی كۆمەڵەی هونەرمەندانی كوردستان/ هەولێر و، لەساڵی(1992) یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەرانی تەلەفزیۆنی كوردستان(Ktv). 

ھونەرمەند ئەنوەر شێخانی ماوەیەک سكرتێری گشتی رێكخراوی هونەرمەندانی كوردستان بووە و کەسایەتیەکی دیاری بواری شانۆ و دراما و فیلمی كوردی بوو و، لەو رێگایەوەش خزمەتێكی زۆری بەو بوارە كردووە و خاوەن ئەرشیف و گەنجینەیەكی هونەری تایبەت بەخۆیەتی و، چەندین خەڵاتی رێزلێنانی ناوخۆیی و بیانیی پێ بەخشراوە.

بێگومان كۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە زیانێكی گەورەیە بۆ هونەر و شانۆی كوردیمان، ئومێدەوارین هاوخەمیی هونەرمەندان و شانۆكارانی هاوپیشەی هونەرمەندی كۆچكردوو مایەی دڵنەوایی و سەبووری ئێوەوگشت لایەك بێت.

جارێكی دیكە پرسە و سەرەخۆشی خۆمات دووپات دەكەینەوە و لەخودای گەورە داواكارین سەبووری بەهەموو لایەك ببەخشێت وگیانی كۆچكردوویش بەبەهەشتی بەرین شاد بكات..

 

دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی

 پارتی دیموكراتی كوردستان

23/9/2019

هەواڵی پەیوەندیدار