جوان حەسەن: كەركووك نوقمی گەندەڵی بووە

كەركووك-KDP.info- دوای ئەوەی دوێنێ بە تۆمەتی گەندەڵی قایمقامی قەزای ناوەندیی كەركووك دەستگیر كرا، ئەندامێكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێ، كەركووك نوقمی گەندەڵی بووە و كەس ئاگاداری میزانیەی پارێزگاكە نییە.
جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "قایمقامی قەزای ناوەندیی كەركووك لەسەر سكاڵای وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق و بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن دەستەی نەزاھەی عێراقەوە دەستگیر كراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، چونكە كەركووك نوقمی گەندەڵی بووە و ئەو گەندەڵییەی لە كەركووك ھەیە، كەموێنەیە".
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت: "پارەیەكی زۆری میزانیەی كەركووك بەھەدەر دەدرێت و كەس ئاگاداری چۆنیەتیی خەرجكردنی پارەی كەركووك نییە، لەبەر ئەوەی ئیدارەی كەركووك بۆ خەرجكردنی پارە ھیچ پرسێك بە ئەنجوومەنی پارێزگا ناكات و لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەریشەوە ئەنجوومەن نەیتوانیوە چاودێریی حكوومەت بكات".
جوان حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "گەندەڵییەكی زۆر لە پڕۆژەكانی كەركووكدا دەكرێت، بە تایبەتی ئەو تەندەرانەی بە شێوەیەكی راستەوخۆ دەدرێن بە خەڵكێك كە نزیكن لە پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك".
قائید میرۆ




