دكتۆر پشتیوان بۆ KDP: گۆڕانكاری لە بەڕێوەبردنی مزگەوتەكان و مامۆستایانی ئایینی دەكهین

هەولێر-KDP.info- وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پێكەوەژیان و پێكەوەهەڵكردن لە هەرێمی كوردستان، نموونەیەكی پێشكەوتووە لە ناوچەكەدا و گەشەی زیاتری پێ دەدەن. دەشڵێ، بەپێی یاسا بەركارەكانی وەزارەت، گۆڕانكاری لە شێوازی بەڕێوەبردنی مزگەوتەكان و مامۆستایانی ئایینی دەكرێت.
دكتۆر پشتیوان سادق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "لەگەڵ هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی شێواند و لەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعشدا بوون، پێكەوەژیانی ئایینە جیاوازەكان كەوتە مەترسییەوە و ئەو پێكەوەژیانەی لە ناوچەكان بەرقەرار بوو، كۆتایی پێ هێنا، بەڵام خۆشبەختانە لە هەرێمی كوردستان پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، ڕەگوڕیشەی داكوتاوە و تۆكمەیە".
وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی گوتیشی: "هەرێمی كورستان خاوەن فەرهەنگێگی پێشكەوتووی پێكەوەژیان و پێكەوەهەڵكردنە لە ناوچەكەدا، ئەوەی جێگای دڵخۆشییە هیچ حاڵەتێكی نەخوازراو تایبەت بە بێڕێزیكردن بە ئایینە جیاوازەكان رووی نەداوە، ئەوەی كراوە لە دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێم بووە، لە ژێر دەسەڵاتی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و لایەنەكانی تر سووكایەتی بە ئایینە جیاوازەكان كراوە، بەڵام ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەرگیز ڕێگە نادەین ئەو پێكەوەژیانەی هەیە، بخرێتە مەترسییەوە، بەڵكوو گەشەی زیاتری پێ دەدەین".
د. پشتیوان ئاماژەشی دا: "لە وەزارەت سەرقاڵی ئامادەكردنی پلان و بەرنامەیهكی تۆكمەین بۆ ڕێكخستەوەی كاروباری مزگەوتەكان و چارەكردنی گرفتەكانیان بە شێوەیەكی یاسایی و هەمیشەیی، كە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا بێت، بەپێی یاسا بەركارەكانی وەزارەتیش گۆڕانكاری لە شێوازی بەڕێوەبردنی مزگەوتەكان و مامۆستایانی ئایینیدا دەكەین".
هـۆزان سەمەد




