مەحموود محەمەد: داوا دەكەین ڕاگەیاندنكاران جەخت لە پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان بكەنەوە

دهۆک-KDP.info- مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، داوا دەكەین سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنكاران جەخت لە پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان و رێزگرتن لە بەھا نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بكەنەوە.
دەقی وتاری (مەحموود محەمەد) ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیمان، لە یەكەمین فێستیڤاڵی خانی لە شاری دھۆك، كە ئەمڕۆ ٢١ی٩ی٢٠١٩ بەڕێوە چوو.
ئامادەبووانی بەڕێز..
ڕاگەیاندنكار و نووسەر و ڕۆشنبیر و میوانانی ئازیز..
هەڤاڵانی هێژا..
ئەم كاتەتان باش..
جیهانی ئەمڕۆ، جیهانێكی ئاڵۆزە و بە گۆڕانكاریی خێراو گەورەدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ململانێكان تادێت ئاڵۆزتر دەبن و تەواوی ڕەهەندەكانی ژیانیان گرتۆتەوە. ڕەوتی پێشكەوتنی جیهان و میللەتان بەڕاددەیەك خێرایە، ڕێكردن لەگەڵ سەردەمدا ئامادەگی و لێهاتوویی زۆری پێویستە. پێشكەوتنە زانستییەكان و تەكنەلۆژیا، سنوورەكانی دەوڵەتانیان كاڵ كردۆتەوە و میللەتانی زیندوو سەرقاڵی دووبارە بونیاتنانەوەی كاراكتەرە جیاكەرەوەكانی خۆیانن، بە شێوەیەك لەگەڵ دواهەمین گۆڕانكارییەكانی جیهاندا تەبا بن و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن.
میللەتی كوردیش وەكو هەر میللەتێكی دیكەی زیندووی سەر زەوی، پێویستە خوێندنەوەی ڕوون و تێڕوانینی جیهانیی هەبێت بۆ ڕووداوەكان وگۆڕانكاری و ململانێ ناوخۆیی و هەرێمی و جیھانیەكان. ڕاگەیاندنیش بە تەواوی پێناسە و هەڵسەنگاندنەكان، یەكێكە لە خێراترین و كاریگەرترین كەرەستەكانی زاڵبوون بەسەر سنوورەكان و پەڕینەوە لە لۆكاڵییەتەوە بۆ بەجیهانیبوون.
پارتی دیموكراتی كوردستان، وەكو هێزێكی ڕەسەنی سیاسی - كۆمەڵایەتی – هزری نەتەوەیی، لە یەكەم ساتەوەختی دامەزراندنییەوە ئەو ڕۆڵە گرنگەی لە بەرچاو گرتووە كە ڕاگەیاندن و كەرەستەكانی ڕاگەیاندن دەتوانێت رۆڵی گرینگ بیگێڕیت لە هۆشیاركردنەوەی تاكی كورد بەرامبەر بە مافەڕەواكانی و هەروەها بونیاتنانی كەسایەتییەكی ئاگادار لە بارودۆخی كۆمەڵگا و سیاسەت و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی جیهانی. ئەمە جگەلەوەی كە ڕاگەیاندن هۆكارێكی بەهێزە بۆ گەیاندنی خەون و ئومێد و تێڕوانین و مەزڵومیەتیی كور بە سەرتاسەری جیهان.
لەلایەكی دیكەیشەوە، ئێمە پێمانوایە ڕاگەیاندن دەبێت پێشەنگیی خۆی بسەلمێنێت لە هۆشیاركردنەوەی تاكی كورد لەسەرجەم كایە و بوارەكاندا.
لەسەر ئاستی نێوخۆیی، دەبێت دامودەزگاكانی ڕاگەیاندن كاربكەن بۆ هاندانی ڕۆشنبیریی سیاسی و قووڵكردنەوەی كەلتووری پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن و دەوڵەمەندكردنی فەرھەنگی نەتەوەییمان، نەهێشتنی رەفتار و گوتاری توندوتیژی و دەمارگیریی ناوچەیی و هزری و ئایدۆلۆژی، هەروەها پتەوكردنی بنەماكانی دیموكراسی و بەهاكانی ئازادیی تاك و مافەكانی مرۆڤ و بەبەتەكانی یەكسانیی جێندەری و پیشاندانی ڕۆڵی بەهاداری ئافرەتان لە پێشخستنی كۆمەڵگا و بونیاتنانی كۆمەڵگایەكی تەندروست، هاندانی ڕۆڵەكانمان بۆ پەیوەستبوون بە خۆشویستنی خاك و خەڵك و چاندنی ئارەزوو و ویستی ڕەسەن بۆ فێربوون و زانست و بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە و بونیاتنەرانە، هەموو ئەمەش پشتئەستوور بە بنەما ئەخلاقییەكانی كاری ڕاگەیاندن، هەر بۆیەش داوا دەكەین كە سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنكاران جەخت بكەنەوە لەسەر پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان و رێزگرتن لە بەھا نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، لەم چوارچێوەیەشدا ھەموومان سەرقاڵی بونیاتنانی تاكی كوردستانی بین.
لەسەرئاستی جیهانییش، ڕاگەیاندن دەبێت كاربكات بۆ وەرگێڕانی فەرهەنگی جیهان و كەلتوور و پێشكەوتنەكانی میللەتان و گەیاندنیان بە تاكی كوردستانی، بۆ ئەوەی تاكی كورد دابڕاو نەبێت لە مەعریفەی سەردەم و ئاشنا بێت و نزیك بێت لە نەتەوەكانی دیكەی سەر ڕووی زەوی.
ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، پێمانوایە لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، ئەركی سەرشانمانە هەست بە بەرپرسیارێتی بكەین بەرامبەر بە ڕاگەیاندن و ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەم قۆناخەی ئێستادا و تەواوی توانامان بخەینە گەڕ بۆ تەوژمدان بەو هەوڵانەی كە بۆ یەكدەستی و یەكگرتوویی ھەڵوێستە سیاسی و نەتەوەییەكانمان و ئیدارەدانێكی سەردەمی و گونجاوی كوردستان دەدرێن لەپێناو ئاوەدانكرنەوە و ئەنجامدانی چاكسازی و هەنگاونان بەرەو پێشەوە.
هەر بۆیەش دەستخۆشی لە ناوەندی (خانی) بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەكەین كە لەژێر ناونیشانی (بەرەو گەشەپێدانی بزاوتی راگەیاندن) هەستاون بە ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵە و دەخوازین سەرجەم پانێڵستە بەڕێزەكان و ڕۆشنبیران و ڕاگەیاندنكاران بەوپەڕی بەرپرسیارییەتی و خەمخۆرییەوە تاوتوێی بابەتەكان بكەن. ئێمەش ئەوەی پێمانبكرێت دەیخەینە خزمەتی كۆمەڵگا و كوردستانەوە.
هەر لێرەشەوە دروود بۆ گیانی پاكی ئەو پێشمەرگه قەڵەمبەدەستانە دەنێرین كە لە پێناو كورد و كوردستاندا گیانیان بەخشی. دروود بۆ ڕۆحی پاكی ئەوانەی لە سەردەمە سەختەكاندا چۆكیان نەدا و بە پێنووسەكانیان پشكۆی ئازادییان دەگەشاندەوە. دروود بۆ سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی كوردستان.
ھەر سەركەوتوو بن.




