٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان 500 تۆن هەنگوین بەرهەم هاتووە

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- بەرهەمی هەنگوینی هەرێمی كوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو 5 بەرامبەر زیادی كردووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ گرنگیدانی زیاتر بە بەرهەمی ناوخۆیی، هاوردەكردنی هەنگوینی بیانیی قەدەغە كردووە، ئەوەش بووەتە جێگەی خۆشحاڵیی هەنگەوانان.

لە كوردستان 23 هەزار مێشەوان هەن و خاوەنی زیاتر لە 80 هەزار پوورەهەنگن، كە ئەمساڵ بەرهەم بۆ پێنج بەرابەر زیاد بووە، چونكە پارساڵ كۆی بەرهەمی هەنگوینی هەرێمی كوردستان كەمتر لە 100 تۆن بوو، بەڵام ئەمساڵ 500 تۆن هەنگوین لە هەرێمی كوردستان بەرهەم هێنراوە.

بەپێی پشكنینەكان، هەنگوینی هەرێمی كوردستان یەكێكە لە باشترین هەنگەوینەكان لەسەر ئاستی جیهان، قەدەغەكردنی هاتنی هەنگوینیش، دەرفەتی بۆ بەبازاڕكردنی هەنگوینی خۆماڵی ڕەخساندووە،  ئەمە لە كاتێكدایە هەنگوینی خۆماڵی زۆر باشترە، هەروەها هاندەرێك دەبێت بۆ ئەوەی كە خەڵك زیاتر روو لەو كارە بكات و گرنگی بە پیشەی هەنگەوانی بدات.

غەریب ساڵح، هەنگەوانێكی سنووری سۆرانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەمساڵ بەر هەمی هەنگوین زۆر باش بوو، بە تاییبەتی هی ئەو هەنگانەی كە لەناو خلیفدا بەخێو دەكرێن، نەك سندووق، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خۆراكی هەنگ لە كوێستانەكان باش بووە.

سەلیم خورشید، كە لە سیدەكان هەنگ بەخێو دەكات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەوە كردەوە: "ئەو بڕیارەی حكوومەت بۆتە جێگەی دڵخۆشیی ئێمەی هەنگەوانان، چونكە هەنگوینی كوردستان بە باشترین هەنگوینی جیهان دادەنرێت و پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەكاتەوە و رەوانەی دەرەوەش دەكرێت".

میرخان شوكری، هەنگەوانێكی دیكەیە و لە مێرگەسۆر هەنگ بەخێو دەكات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەمساڵ هەنگەوین زۆر باش بوو، كیلۆشی لە نێوان 40 تا 100 هەزار دینارە.

عارف شێروانی، سەرۆكی تۆڕی هەنگەوانانی كوردستانیش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەوە كردەوە: "ئەمساڵ لە وەرزی هاوین هەنگ شیلەی زۆری كۆكردەوە ‌و بووە مایەی زۆربوونی بەرهەم بە تایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستانیش نزیكەی 500 تۆن هەنگوینی خۆماڵی بەرهەم هێنراوە"‌.

سەرۆكی تۆڕی هەنگەوانانی كوردستان گوتیشی: "ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنگرەی هەنگەوانانی جیهان لە هەرێمی كوردستان كراوە و لە 7-10ی ئەمساڵ ئەو كۆنگرەیە بە بەشداریی 50 وڵاتی دنیا لە هەولێر بەڕێوە دەچێت، كە هەموو وڵاتانی عەرەبی، چین، فەڕەنسا و چەند وڵاتێكی دیكەش تێیدا بەشدار دەبن، ئەمەش هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و هەنگوینی كوردستان لە بەرچاوی وڵاتانی دنیادا نمایش دەكرێت".

 

ڕابین شێروانی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار