٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دهۆك.. ھەموو كارگەكان دەستیان بە كاركردن كردووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- ئەمساڵ بزاوتی بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان بە رێژەیەكی بەرچاو گەشەی كردووە و سەرۆكی ژوورە پیشەسازی و بازرگانییەكانی دھۆكیش دەڵێ، ئەمساڵ ھەموو كارگەكان دەستیان بە كاركردن كردووەتەوە و بڕیارە ژمارەیەك كارگەی نوێش دابمەزرێن بۆ ئەوەی بەرھەمیان ھەبێت.

ئەیاد حەسەن، سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "جووڵەی بازرگانی ئەمساڵ بەروارد بە ساڵی رابردوو بەرەوپێشچوونێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ھەم لەگەڵ توركیا و جیھانی دەرەوە ھەمیش لەگەڵ عێراق، ئەوەش كاریگەریی لێكتێگەیشتنی نێوان ھەرێم و بەغدایە و ئەو ئاستەنگانەی پێشتر ھەبوون لە خاڵە گومركی و بازگەكانی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لابراون، بەرھەمی كارگەكانی ھەرێمی كوردستانیش ئێستا دەچێتە ھەموو ناوچەكانی عێراق".

سەرۆكی ژوورە پیشەسازی و بازرگانییەكانی دھۆك گوتیشی: "ژمارەیەك پڕۆژە دەستیان بە كاركردن كردووەتەوە و بڕیارە ژمارەیەك پڕۆژەی دیكە بكەونە واری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر ھاتنی كۆمپانیاكانی دەرەوە ھەیە و رۆژانە چەندین مۆڵەتی نوێ بە كۆمپانیاكانی بازرگانی و پیشەسازی ھەم ناوخۆ و ھەمیش بیانی دەدرێت، بۆ ئەوەی لە ھەرێمی كوردستاندا كار بكەن".

پەیوەست بە كارگەكانیش، ئەیاد حەسەن جەختی  كردەوە، بە ھۆی قەیرانی دارایی ژمارەیەكی بەرچاوی كارگەكانی سنووری پارێزگای دھۆك لە كار كەوتبوون، بەڵام ئەمساڵ ھیچ كارگەیەكی داخراو نەماوە و ھەموویان ١٠٠% دەستیان بە كار كردن كردووەتەوە، هەروەها بڕیارە ژمارەیەك كارگەی نوێش بكرێتەوە، بە تایبەتی لە ناوچەی كواشێی دھۆك، كە ناوچەیەكی نوێی بازرگانییە و بووەتە سەنتەرێك بۆ كارگەكانی دھۆك".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار