ئیتاڵیا: هاوكاری و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

هەولێر-KDP.info- ئۆلیمپی ئەتێلۆ، جێگری فەرماندەی هێزەكانی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان "سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش"، بە هاوڕێیەتیی تیمێكی ڕاوێژكارانی سەربازیی ئیتاڵی، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد.
لەلایەن بەڕێز هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەب و ژمارەیەك لە ستافی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) بە گەرمی پێشوازی لە جێگری فەرماندە و ژمارەیەك لە ڕاوێژكارانی سەربازیی ئیتاڵی كرا و لە دیدارەكەدا بە فراوانی باس لە فاكتەرەكانی سەرهەڵدانی داعش و مەترسییەكانی تیرۆر و پەلاماردانی خەڵكی سیڤیل و ئەنجامدانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە بەرامبەر كورد و پێكهاتەكانی تر لە ناوچەكەدا كرا و قارەمانێتیی گەلی كورد و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرگریكردن لە مرۆڤایەتی و گەل و خاكی هەرێمی كوردستان بەرز نرخێندرا، كە بە پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر توانرا ئەفسانەی مەترسیدارترین ڕێكخراوی تیرۆریستیی جیهانی، كە داعشە، لە كوردستان تێك بشكێندرێت، كە جێی خۆیەتی سوپاس و ستاییشی پشتیوانیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و لە نێویشیاندا بە تایبەتی هێزەكانی ئیتاڵیا بكەین بۆ پشتیوانی لە كوردستان، كە بۆ زیاتر لە پێنج ساڵ دەبێت لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی توانای سەربازی لەسەر شێوازی مۆدێرن و تەكنیكی سەربازی و مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) ڕایگەیاند، كە ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش تێكشكاوە، بەڵام هزری توندڕۆیی و تیرۆر كە داعش دوای خۆی جێی هێشتووە، هەر ماوە و بەردەوام مەترسییەكانی تیرۆریستان بۆ سەر خەڵكی سیڤیل و بە تایبەتی لە ناوچەكانی ناكۆكی لەسەر و لە دەرەوەی دەستەڵات و ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هێشتاش هەر ماوە و هێزەكانی حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی تر توانای بەرگری و پاراستنی خەڵكی ئەم ناوچانەیان نییە و تەنیا بە گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئەم ناوچانە ئارامی و سەقامگیری بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل دەگەڕێتەوە.
سیوەسلی گوتیشی، پرسی نەگەڕانەوەی ئاوارەكانی شەڕی داعش بۆ ناوچەكانی پێشوویان بە هۆی نەبوونی سەقامگیری و ئاساییش و خزمەتگوزاری و بوونی مەترسیی بەردەوام بۆسەر ژیانیان و پشتگوێخستنی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان، هۆكاری سەرەكیی مانەوەی بەشێكی زۆری ئاوارەكانی شەڕی داعشن لە كەمپەكانی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان. پارتی دیموكراتی كوردستانیش پێشوازی لە دروستكردنی هێزێكی هاوبەش لە سوپای عێراقی و هێزەكانی پێشمەرگە دەكات بۆ ئیدارەكردنی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بە ناوچەكانی ناكۆكی لەسەر هەژمار دەكرێن و بە تایبەتی لە كەركووك و دەشتی نەینەوا و شنگال تا ئەو كاتەی لە چوارچێوەی دەستوور و ماددەی ١٤٠ی دەستوورەوە كێشەكانی ئەم ناوچانە یەكلا دەبنەوە.
جێگری فەرماندەی هیزەكانی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانە و ئاڵوگۆڕی دیدگای هەردوولا لەسەر پەرەسەندنەكانی ناوچەكە دەربڕی و سەرسامیی خۆی بە قارەمانێتیی پێشمەرگە و گەل و دانیشتووانی هەرێمی كوردستان پێشان دا، كە لە سەختترین بارودۆخدا كە هەرێمی كوردستان كەوتە بەر هێرش و پەلامار و داگیركاریی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، توانییان بە پشتبەستن بە تواناكانی سەربازیی خۆیان بەرگری لە گەل و خاكی هەرێمی كوردستان و ئەزموونەكەی بكەن و بەسەر تیرۆردا سەربكەون و بە هاوكاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی داعش و پشتیوانی جیهانی ئازاد چەند ساڵی سەخت بەڕێ بكەین و لە نزیكەوە بە هۆی تێكەڵاوبوونیان لەگەڵ كۆمەڵگای كوردستان هەست بە قوربانیدان و گەشەپێدانی دەستكەوتەكان و پێشڤەچوونی هەرێمی كوردستان دەكەن.
ئەو هەروەها خۆشحاڵیی خۆیانی بە هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و دامەزراوەكانی سەربازی هەردوولا دەربڕی و هیوای خواست لە ئێستا و ئایندەدا ئەم هاوكاری و پشتگیرییە و مەشق و ڕاهێنانیان بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و بۆ بە بەهێزی هێشتنەوەی هەرێم و پاراستنی دانیشتووانی لە هەر هێرش و پەلامارێكی تیرۆریستی بەردەوامی بە ئەركەكانیان بدەن بۆ هێنانەدیی ئارامی و سەقامگیری و بنبڕكردنی تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەكەدا. هەروەها هێزەكانی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر، درێژە بە هاوكاری و هاوپەیمانیی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدەن و مەشق و ڕاهێنان و یارمەتییەكانیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەشدا، بارۆدۆخی سیاسی، ئەمنی، مرۆیی و گرژی و قەیرانی سیاسیی نێوان ئەمەریكا و ئێران و وڵاتانی تر كە لە ناوچەكەدا سەری هەڵداوە و كاریگەری بۆ سەر ئاساییش و سەقامگیری وڵاتانی تری ناوچەكە دەبێت، تاووتوێ كران.




