٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێـزگاری هەولێر بۆ KDP: هەمیشە لەنێو خەڵك و لەگەڵ ئازارەكانیاندا دەبین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر بە پلان و بەرنامەی تایبەت دەچێتە سەر كورسیی پارێزگار و كار بۆ وەگەڕخستنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەكات، ئەو دەڵێت: "ئەوەی لە تواناماندا بێت، پێشكەشی هاووڵاتیانی دەكەین و هەمیشە لەنێو خەڵك و لەگەڵ ئازارەكانیاندا دەبین".

دكتۆر فرسەت سۆفی، پاڕێزگاری هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە پلان و پڕۆژەی بەهێـزەوە دەچینە پارێزگا و بەرنامەی كارمان داڕشتووە، كە بە هەگبەیەكی مەزن كار دەكەین بۆ خستنەگەڕی پڕۆژە خزمەگوزارییەكان و پێشكەشكردنی باشترین خزمەت بە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر، لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانیش لەسەر هێڵ دەبین، بۆ ئەوەی بتوانین لە ئاست داواكاریی هاووڵاتیان بین".

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "ئەوەی لە تواناماندا بێت، هەمیشە لەنێو خەڵك دەبین و لەنێو كۆژانی هاووڵاتیاندا دەبین، لە هەر جێگا و شوێنێكیش هاووڵاتیان پێویستیان بە ئێمە بێت، لەوێ ئامادەییمان دەبێت، هەروەها بە متمانە و ئیرادەیەكی بەهێـز، خزمەتی خەڵكی خۆشەویستی شارەكەمان دەكەین، بە بێ جیاوازیی حزبی و سیاسی و ئاینی و، لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای هاووڵاتیاندا باشترین خزمەگوزاری پێشكەش دەكەین".

 فرسەت سۆفی ئاماژەشی دا: "لەگەڵ حكوومەت لە وتووێژدا دەبین بۆ ئەوەی بتوانین بەپێی باری دارایی و بودجەی بەردەست كار لەسەر پڕۆژە خزمەگوزارییەكان بكەین، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش، پڕۆژەیەكی هاوبەش ئامادە دەكەین بە پلانی تۆكمە و تیمێكی چالاك و لێهاتوو كاری پێكەوەیی و سەركەوتوو بەئەنجام دەگەیەنین".

 

هۆزان سەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار