ئێمینكی: كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو.. دەمانەوێت كەسانی سەربەخۆ بەشداری پێ بكەین

هەولێر-KDP.info- د. جەعفەر ئێمینكی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دەڵێ، ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان لە جێگرانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت و وەزیرەكان بەرەو خوارەوە بووە. دەشڵێ: "دەمانەوێت لە دانانی بەرپرسانی یەكە ئیداری و بەڕێوەبەرە گشتییەكان كەسانی ئەكادیمی و سەربەخۆ بەشداری پێ بكەین".
د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پۆستی سەرۆكی هەرێم و حكوومەت پشكی حیزبی براوە بوون و لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان نەبوون، تەنیا ڕێككەوتن بۆ جێگرانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكایەتیی پەرلەمان و وەزیرەكان و بریكاری وەزیر و دەستەكان كراوە".
ئێمینكی گوتیشی: "بەڕێوەبەری گشتی بەرەو خوارەوە، پەیوەست نییە بە ڕێككەوتنەكانەوە، نەریتێك هەیە لە وەزارەتەكان كاتێك وەزیرێك لە لایەنێك دەبێت، ئەوە لەسەر لیستی ئەو وەزیرە بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە وەزارەتەكە دەستبەكار دەبن، پۆستەكانی خوارەوە وەك گوتمان هێشتا ڕێككەوتنیان لەسەر نەكراوە، بە ڕای من و بۆچوونی پارتیمان، ئەو پۆستانە سەقفێكی حیزبی و سیاسییان لەسەر نەبێت و كەسانی پڕۆفیشناڵ و بەتوانا و لێهاتوو دابنرێن و بەپێی سیڤی ئەو پۆستانە پڕ بكرێنەوە".
ئەو هەروەها هێما بۆ ئەوەش دەكات: "پێمان خۆشە بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن لە نێوان پارتی و گۆڕان و یەكێتیدا پۆستە ئیدارییەكان دابەش بكرێن، ئاستێكیشی بۆ دیاری بكرێت، ئاستەكانی خوارەوە ئێمە دەڵێین كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو، وانەبێت تەواوی پۆستەكانی یەكە ئیدارییەكان ببنە پۆستی حیزبی و سیاسی، بۆ دەبێت بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقام، سیاسی و حیزبی بن، بەو شێوازە پێشبینی ناكەین خزمەت بە خەڵكی خۆمان بكەین، تا بریكاری وەزیر و دەستەكان و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانیش، تا ئێرە ماقوڵیەتی تێدایە، لەوە بەدەر ئێمە وەك پارتی هەمیشە تێبینیمان لەسەری هەبووە، پێشتر كردوومانە، بەڵام بە ڕاستمان نەزانیوە، بۆیە دەمانەوێت لەگەڵ لایەنەكاندا بە ئاڕاستەیەكی هاوبەش كەسانی بێلایەن بەشدارییان لە حكوومەتە خۆجێییەكاندا پێ بكرێت".
لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی حكوومەتی خۆجێیی و كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە، ئێمینكی گوتی: "پێشوو و ئێستاش هەوڵێك هەیە بۆ پەراوێزخستنی پارتی لە هەڵەبجە لە پلە و پۆستەكاندا، بەڵام پارتی پۆستی هەبێت و نەبێت خزمەت بە هەڵەبجە دەكات، هەڵەبجە لە ویژدانی پارتیدایە و ئێمە بێ جیاوازی خەمخۆری خەڵكی هەڵەبجەین و دەمانەوێت خزمەت بە هەڵەبجەییەكان بكەین، پێویستیشە زانكۆ و خزمەتگوزاریی گشتی لەو شارە زیاتر پێش بخرێت، لە ڕێگەی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی لۆكاڵییەوە دەمانەوێت بەشدارێكی كارا بین تێیدا، مێژووش سەلماندوویەتی پارتی هەمیشە حزوری لە هەڵەبجە هەبووە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی شەڕی ناوخۆوە واقیعی تەنزیمی لەوێ گۆڕاوە، بەڵام پارتی لە ڕووی ویژدانی و سیاسییەوە هەمیشە بایەخ بە هەڵەبجە دەدات".
عەزیز هەورامی




