٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری پەروەردە:٢١ـی ئەیلوول دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، ٢١ـی ئەیلوول لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستاندا دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنە. بەڕێوەبەری ناوەندی ھەولێریش دەڵێت، بەپێی بڕیاری وەزیر، بە چالاكی و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان خوێندن دەست پێدەكات.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئامادەكارییەكی تەواو بۆ ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ كراوە و بە ھیچ شێوەیەكیش ساڵی نوێی خوێندن دواناكەوێـت، ٢١ی٩ی٢٠١٩ كە دەكاتە رۆژی شەممە، یەكەم ڕۆژی دەوامی قوتابخانەكانە لە سەرجەم خوێندنگاكانی ھەرێمی كوردستان."

هەر لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر، دلێر عەبدوڵڵا حەسەن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "وەزارەتی پەروەردە و تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەكان سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ دەستپێكی نوێی خوێندنن بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠، كە بە پێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان، ٢١ـی ئەیلوولی ٢٠١٩ دەرگای قوتابخانەكان بە ڕووی قوتابیاندا دەكرێتەوە."

بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی ھەولێر، گوتیشی: "ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەری قوتابخانەكان كراوەتەوە كە رەچاوی یەكپۆشی بكرێت و ئەوەش بەپێی قۆناغ دیاری كراوە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە، لەبەر ئەوە بۆیان نییە جلی تایبەت بە خۆیان بەسەر قوتابیاندا بسەپێنن یان شوێنێكی دیاریكراویان بۆ دیاری بكەن، كە لەم جێگایە بیكڕن، قوتابی و خانەوادەی قوتابییش ئازادە لە كوێ جلی خۆی ئامادە دەكات، بەپێی ئەو بڕیارەی لە وەزارەت دراوە."

دەشڵێ: "ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، كۆبوونەوە لەگەڵ چەند بەڕێوەبەرێكی قوتابخانەكان دەكرێت دەربارەی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بە چالاكی و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان و هاندانی قوتابیان بۆ خوێندن لە قۆناغی باخچەی منداڵان و قۆناغی یەكەمی بنەڕەتی."

 

فایزە كۆیی - ھەڵكەوت محەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار