سەرۆككۆماری عێراق چەند ڕۆژێك لە ھەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆككۆماری عێراق ئەم ئێوارەیە سەردانی ھەولێر دەكات، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە بەغدا دەڵێت، لە دوای سەردانەكەیان بۆ كوردستان، بڕیارە سەردانی ئەمەریكا بكەن و نوێنەری حكوومەتی ھەرێمیش بەشداری كۆبوونەوەكە دەكات.
نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا، فارس عیسا، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆككۆماری عێراق بەرھەم ساڵح و شاندێكی یاوەری، ئەم ئێوارەیە سەردانی ھەولێر دەكەن و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك لە ھەرێمی كوردستان دەمێننەوە، لە سەردانەكەشیاندا چاویان بە ھەریەك لە سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی حكوومەت مەسروور بارزانی دەكەوێت، كە ئەجێندای سەردانەكەیان بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و ھەولێر و چارەكردنی كێشەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراقە، ھەروەھا ڕۆژی پێنجشەمەش سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق محەمەد حەلبووسی، سەردانی ھەولێر دەكات."
عیسا، گوتیشی: "سەرۆككۆماری عێراق لە دوای ئەو سەردانەی بۆ كوردستان بە سەرۆكایەتیی شاندێكی عێراق، سەردانی ئەمەریكا دەكەن، لەم سەردانەشدا سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان بەشداری دانیشتن و كۆبوونەوەی شاندی عێراق دەبێت."
فایزە كۆیی




