٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاووڵاتیان: ئەگەر پەكەكە لە ئاواییەكان نەبێت، توركیا بیانووی بە دەستەوە نابێت

سەرچاوە: KDP.info

چۆمان-KDP.info- نزیكیی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە گوند و ئاواییەكان، ژیانی گوندنشنیانی دەڤەری باڵەكایەتی خستووەتە مەترسییەوە و گوندنشیان داوا دەكەن پەكەكە بنكە و بارەگاكانی خۆی لە گوند و ئاواییەكان دوور بخاتەوە و توركیاش چیدیكە گوندەكانیان بۆردوومان نەكات.

موخڵیس تەها، كە خەڵكی سنووری قەسرێیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێستا ژیانمان زۆر ناخۆشە، خەڵك لە دڵەڕاوكێدا دەژیت، خەڵك ئاوارە بووە نازانێت بگەڕێتەوە، یان بە تەواوەتی گوند چۆڵ بكات، لەبەر پەكەكە ناتوانین لە گوندەكانمان بچینە دەرەوە، هەر لە گوند دوور بكەوینەوە توركیا بۆردوومانمان دەكات، جگە لەوەی رۆژانە زەرەروزیان بەر رەز و باخ و پاوانی ئێمە دەكەوێت، بۆیە داوای راگرتنی بۆردوومان و دووركەوتنەوەی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە گوند و ئاواییەكان دەكەین، بۆ ئەوەی ئێمەش لەسەر گوند و ئاواییەكانی خۆمان هەست بە ئارامی بكەین و رۆژانە كار و كاسبیی خۆمان بكەین".

ئەحمەد مستەفا، هاووڵاتییەكی دیكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەگەر پەكەكە لە گوند و ئاواییەكانی ئێمە نەبێت، توركیا هیچ بیانوویەكی بە دەستەوە نابێت و  ناوچەكانی ئێمە بۆردوومان ناكات، بۆیە پێویستە رەچاوی بارودۆخی گوندنشیان بكەن، ئەگەرنا خەڵكی گوندەكان ناچارن گوندەكانیان چۆڵ بكەن و روو لە شارەكان بكەن، بۆیە داوایان لێ دەكەین لێمان بگەڕێن با لەسەر گوند و ئاواییەكانی خۆمان كاروكاسبیی خۆمان بكەین".

شاخەوان حوسێن، بەڕێوەبەری شارەدێی قەسرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی گوندەكانی دۆڵی باڵەیان بە هۆی بۆردوومانی فڕۆكەكانی سوپای توركیا و بە هۆكاری بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) گوندەكانیان جێهێشت و دووچاری دەربەدەری بوونەوە و لە ترس و دڵەڕاوكێدا بژین، خەڵكەكەی بە رۆژ دەگەڕێتەوە، بە شەویش ناچارە ناوچەكە بەجێ بهێڵن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لقی هەولێری مانگی سووری عێراقیش، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێمە هاوكاری بەسەر لێقەوماواندا دابەش دەكەن".

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار