نووری حەمەعەلی: كۆتاییھێنان بە داعش پڕوپاگهندەی ھەڵبژاردن بوو

كەركووك-KDP.info- بەرپرسی میحوەری باشوور و رۆژئاوای كەركووكی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، ھۆشداری لە رێكخستنەوەی داعش دەدات و دەڵێ، تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكە بڵاو بوونەتەوە و ئەگەر بەرەنگاریان نەبینەوە، مەترسیی ئەوەیان ھەیە دەست بەسەر چەند ناوچەیەكدا بگرن.
نووری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشتر چەكدارانی داعش لە سنووری كەركووك كپ كرابوون و ھەروەك خۆیان لە ناوچەكە بوونیان ھەبوو، بەڵام راگەیاندنی كۆتاییھێنان بە داعش پێشتر پڕوپاگندەی ھەڵبژاردن بوو لەلایەن سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقەوە، ئێستاش ئەو داعشانە بە شێوەی گرووپ خۆیان رێك خستووەتەوە و لە چوارچێوەی گرووپی بچووكدا دەستیان بە جووڵە كردووە".
بەرپرسەكەی پێشمەرگە گوتیشی: "مەترسیی ھەیە ئەو گرووپانەی داعش جارێكی دیكە یەك بگرنەوە، ئەوكات داعش توانای زۆری دەبێت و مەترسیی دەستبەسەرداگرتنی ھەندێ ناوچەشیان دەبێت و سەنگەریش دادەمەزرێنن، ئەگەر چارەسەرێكی بەپەلەی جووڵهی داعش نەكرێت لە كەركووك و دەوروبەری، ئەوە مەترسییەكەیان هیچی كەمتر نابێت لە رابردوو".
نووری حەمەعەلی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ھێزەكانی عێراق و ھاوپەیمانان لە مەترسیی داعش ئاگادار كراونەتەوە، ئەگەر بە زوویی چارەسەری ئاڵۆزیی ھەندێ ناوچە نەكرێت، بە تایبەتی ئەو ناوچانەی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی، كە پێویستە ھێزی ھاوبەش تێیدا جێگیر بكرێن، داعش مەترسیی زیاتر دەبێت و بڵاوەیان پێ كراوە و ھەر كاتێك بتەقنەوە، زیانیان دەبێت".
قائید میرۆ




