یەكێتیی قوتابیان: تێبینیمان لەبارهی سیستەمی وەرگرتنی قوتابیانهوه ھەیە

هەولێر-KDP.info- ئەمساڵ زیاتر لە ١٠ ھەزار كورسی بە سیستەمی پارالێڵ بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی سەر بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دیاری كراون، سكرتێری یەكێتیی قوتابیانیش دەڵێ، تێبینییان لەسەر سیستەمی وەرگرتنی قوتابیان ھەیە و لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆدەبنەوە.
نێچیرڤان كەلاری، سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە تێبینیمان لەسەر سیستەمی وەرگرتنی قوتابیان ھەیە لە زانكۆ و پەیمانگاكان، چونكە ئەمساڵ ٢٤ ھەزار كورسی بۆ خوێندنی گشتی تەرخان كراوە، كەچی بۆ خوێندنی پارالێڵ زیاتر لە ١٠ ھەزار كورسی دیاری كراون، ئێمە پێمان وایە ئەم ژمارە بۆ كورسیی پارالێڵ زۆرە، لەبەر ئەوەی زیاتر لە ٥١ ھەزار قوتابیی دەرچووی پۆلی شەشی ئامادەیی لە ھەرێمی كوردستان ھەیە".
سكرتێری یەكێتیی قوتابیان دەڵێت: "خوێندنی باڵا ھۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، گوایە توانای وەرگرتن ھەر ئەوەندەیە، بەڵام خوێندنی پارالێڵ بە ھەمان شێوەی خوێندنی گشتییە و پێكەوە دەخوێنن و یەك پڕۆگرامیان ھەیە و یەك شوێنە، واتە پێكەوە ھەمووی یەك سیستەمە تەنیا جیاوازی ئەوەی پارالێڵ لە كۆنمرەی قوتابیان ھەندێكی پارەیە، ئەوەی كە ھەیە رێژەی كورسیی خوێندنی شوێنی پرسیارە، چونكە ئەگەر توانای وەرگرتن ٢٤ ھەزار كورسییە، ئەو ھەزاران قوتابییەی لە سیستەمی پارالێڵ وەردەگیرێن، لە كوێ شوێنیان بۆ دەكرێتەوە".
كەلاری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "سیستەمی پارالێڵ لە زۆر وڵاتی جیھاندا ھەیە و لاریمان لە ھەبوونی سیستەمەكە نییە، بەڵكوو تێبینیمان لەسەر ئەو ژمارە زۆرەی كورسی ھەیە بۆ سیستەمی پارالێڵ دیاری كراوە، خۆ ئەگەر ژمارەكە سنووردار بووایە و كەمتر لەوەی ئێستا ھەیە، كێشەمان نەبوو".
نێچیرڤان كەلاری روونی كردەوە: "وەك یەكێتیی قوتابیان دیراسەتی ئەو پرسە دەكەین و لە بەشی كاروباری قوتابیان پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت و دواتر لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دانوستان دەكەین تا ھۆكاری ئەوە بزانین بۆچی ئەو ژمارە زۆرەی قوتابی بە سیستەمی پارالێڵ وەردەگیرێن".
قائید میرۆ




