بڕیارە ئەو پێشمەرگانەی لە كاتی ئەركدا گیانیان لە دەست داوە بە شەھید ھەژمار بكرێن

هەولێر-KDP.info- لیژنەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پێشمەرگانەی لە ساڵانی رابردوو گیانیان لە دەست داوە پێك ھاتووە و بە گوتەی سەرۆكی لیژنەی شەھیدانیش، كار بۆ ئەوە دەكرێت ئەوانەی لە كاتی ئەركدا گیانیان لە دەست داوە، بە شەھید ھەژمار بكرێن.
سەوسەن گەردی، سەرۆكی لیژنەی شەھیدان و جینۆساید لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ساڵانی رابردوو بە ھۆكاری جیاواز ژمارەیەكی بەرچاو پێشمەرگە لە كاتی ئەركدا گیانیان لە دەست داوە و لیژنەیەك لە وەزارەتی كاروباری شەھیدان و پێشمەرگە پێك ھاتووە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە یەكلاكردنەوەی دۆسیەی ئەو پێشمەرگانە، چونكە نایشارینەوە لەوانەیە تێكەڵییەك ھەبێت لە تۆماركردنی ئەو برا پێشمەرگانە و مەرج نییە ھەموویان لە كاتی دەوامدا گیانیان لە دەست دابێت".
سەرۆكی لیژنەی شەھیدان دەشڵێت: "لیژنەكە ھەڵدەستێت بە یەكلاكردنەوەی دۆسیەی ھەموو ئەو پێشمەرگانەی لە رابردوودا گیانیان لە دەست داوە و ئەوانەی لە كاتی ئەركدا یان لە رێگای چوونیان بۆ دەوام بە ھەر ھۆكارێك گیانیان لە دەست دابێت، جیا دەكرێنەوە لەوانەی لە ماڵ و شوێنی دیكە گیانیان لە دەست داوە".
گەردی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "دوای یەكلاكردنەوەی ناوی ئەو پێشمەرگانە، بڕیار لە چارەنووسیان دەدرێت، چونكە بەپێی یاسا بە شەھید ھەژمار ناكرێن، بەڵام ئێمە كار بۆ ئەوە دەكەین بڕیارێكی تایبەتیان بۆ دەربكرێت و بە شەھید ھەژمار بكرێن، لەبەر ئەوەی مادام لە كاتی ئەركی پیرۆزی پێشمەرگایەتیدا گیانیان لە دەست داوە، پێویستە ئەوە لە بەرچاو بگیرێت و بە شەھید ھەژمار بكرێن".
قائید میرۆ




